مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد وەزارەتی کارەبای هەرێم 50 رۆژ مۆڵەتی بە بەشداربووانی پڕۆژەی (رووناکی) داوە، بۆ دانەوەی پسووڵەکان و قەرزە کۆنەکانی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە، بە هەڕەشەی بڕینی کارەبا لە ئەگەری نەدانی پارەکەدا، حکومەت خۆی قەرزداری هاوڵاتییانە، چۆن هاوڵاتییان دەتوانن ئەو قەرزانە بدەنەوە، کە حکومەت مووچە و شایستە داراییەکانیانی پێ نەداوە.
د.بڕیار رەشید شریف، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند “بەپێی خەمڵاندنە داراییە بڵاوکراوەکان، لە نێوان ساڵانی 2015 تا 2025، لە هەرێم 18 مووچە بە هیچ شێوەیەک خەرج نەکراوە و 44 مووچەش بە شێوەی کەمکراوە خەرج کراوە، کۆی مووچە نەدراوەکان، پاشەکەوت و لێبڕینەکان بە نزیکەی 24 تریلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەتی هەرێم تائێستا بە فەرمی دانی بەو مافانەدا نەناوە و هیچ داتایەکی ورد و فەرمیی لەبارەی لێبڕین و پاشەکەوتەکانی نەخستووەتە بەردەست، بۆیە بڕی راستەقینەی قەرزی حکومەت بەرانبەر هەر فەرمانبەرێک بە روونی دیار نییە،
ئەوەشی خستەڕوو “لە بەرانبەر هەڕەشەکانی حکومەتی هەرێم لە هاوڵاتییان داوایان لە پەرلەمانی عیراق کردووە ئەم رێکارانە بۆ پاراستنی مافی هاونیشتمانیان بگرێتەبەر:
1-هەڕەشەی بڕینی کارەبا بەهۆی قەرزە کۆنەکانەوە رابگیرێت.
2- لیژنەیەکی هاوبەشی دارایی و چاودێری لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم پێکبهێندرێت، بۆ دیاریکردنی بڕی راستەقینەی مافی هەر فەرمانبەرێک.
3-رێککەوتنێکی دارایی پابەندکەر، لەگەڵ سەرچاوەیەکی روونی دارایی و خشتەیەکی کاتی بۆ گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکان «لێبڕین و پاشەکەوت»، بەدوور لە ململانێ سیاسییەکان ئامادە بکرێت.
4- ڕێگە بە قەرزبڕینی ئارەزوومەندانە «مەقاسە» بدرێت؛ واتە فەرمانبەر بتوانێت قەرزی کارەباکەی لە شایستە داراییەکانی خۆی «لێبڕین و پاشەکەوت» لای حکومەت ببڕێتەوە، نەک داوای پارەی نەقدی لێ بکرێت و کارەبای خێزانەکەی ببڕدرێت.
ب ح