بەشداریی ژنان لە شاخ و شار

نیگار محەمەد
ژنانی کورد لە خەباتی شاخ و سەردەمی شۆڕش، بەشدارییەکی کارایان هەبووە، رۆڵی جیاوازیان وەرگرتووە؛ دایک و خوشک و هاوژینی پێشمەرگە بوون، هەروەها بەشێکیان پزیشکی شۆڕش بوون، هەشیانبووە وەکوو پیاوان پێشمەرگە بوون و بەشداریی خەباتی پارتیزانییان کردووە.

ژنانی شاخ و شۆڕش؛ دەردەسەریی زۆریان چەشتووە، برسێتی و تینوێتی، شەونخونی و بەخێوکردنی منداڵ، پەروەردەکردنیان، ژیانیان لەژێر ترس و تۆقینی بۆردوومانەکانی رژێمدا بەسەر بردووە.

ژنی کورد هەمیشە پێشەنگی خەبات بوونە، ئەرکی گواستنەوە و گەیاندنی نامەکان لە شاخەوە بۆ شار و بەپێچەوانەیشەوە، بەشی زۆری لە ئەستۆی ژنان بووە، هەروەها ماڵی ژنانی ئەندامی رێکخستنەکان کۆڕ و کۆبوونەوەی تێدا کراوە و متمانەی تەواوی تێدا بەدیکراوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا پاڵپشت و ورەبوون بۆ پێشمەرگە، ئازایانە شانیان داوەتە بەر ئەرکەکانی شۆڕش و سڵیان لە مردن نەکردووەتەوە. ئەمە نەک تەنها بۆ شۆڕشی باشووری کوردستان، بەڵکوو بۆ شۆڕشی بەشەکانی دیکە، بە ئێستایشەوە راستە.

دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە هەرێمی کوردستان، قۆناغێکی دیکە لە خەبات و بەشداریی ژنان دەستیپێکرد؛ قۆناغی دامەزراندنی دەیان رێکخراوی ژنان، حزب، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەڵبژاردن و وەرگرتنی ئەرک لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

زیاتر لەوەیش بەشداریی ژنان بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان و خەباتی یەکسانیخوازی کە ئەرکێکی زۆر قورس و ئامانجدار بوو.

لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی کاریگەریی بیری دواکەوتووی خێڵ و ئایینی لەسەر بوو، بۆیە بەشداریی ژنان لەو سەرەتایەوە زۆر قورس بوو، ژنان رووبەڕووی توندوتیژی، کوشتن، تۆمەت خستنە پاڵ دەبوونەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ژنان بەردەوامبوون و کۆڵیان نەدا، خۆشبەختانە بەشێکی مافەکانیان بەدەستهێنایەوە و هێشتا مافی دیکەیش ماون وەریبگرنەوە، خەباتی ژنانیش بەردەوامە.

ئەرکی سەرەکیی ژنان لە ئێستادا ئەوەیە؛ ناکۆکی و جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان بخەنە لاوە و ستراتیژێکی ژنانە بۆ زیاتر بەدەستهێنانی مافەکانیان دابڕێژن، دەبێت ژنان خۆیان خاوەنداری راستەقینە بن لە مافەکانیان و نەسرەون تا دەگەنە سەرکەوتنی راستەقینە.

سەرەڕای ئەو بەشدارییە کاریگەرەی ژنان، کەچی تائێستایش بەجۆرێک عەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە و بە بیانووی ئەوەی ژن ناتوانێت هەموو ئەرکێک لە ئەستۆ بگرێت، هەوڵدەدەن مافەکانی بخۆن و جێگە و پێگەی ژن بە پیاو پڕبکەنەوە.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان