ئاماری هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە

مەودا میدیا-

بەرپرسانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایانکرد کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتایی مانگی دووی ئەمساڵەوە نزیکەی 423 هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا 20 کەسیان شەهیدبوون و دەیانی تر بریندار بوون.

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند “حزبەکەیان لە جەنگی 40 رۆژەوە تائێستا 150 هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا سێ ئەندامیان کوژراون و نۆ ئەندامیشیان برینداربوون”.

ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند “پێگەکانی حزبەکەی لە چەند هەفتەی رابردوودا 97 جار کراونەتە ئامانج، بەوهۆیەوە ئەندامێکیان کوژراوە و 18ی تر بریندار بوون”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوایین هێرش بۆ سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەمڕۆ، 1ی ئابی 2026، بوو کە لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرش کرایە سەر بارەگایەکیان لە قەزای دوکان، هێرشەکە هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە”.

لای خۆیەوە ئەدیب خالیدیان، بەرپرسی راگەیاندنی پارتی ئازادی کوردستان، رایگەیاند “حزبەکەی 95 هێرشی کراوەتە سەر، کە بە هۆیەوە دوو ئەندامیان کوژراون و 40 کەسیان بریندار بوون”.

هەروەها ئیدریس کولاهدوزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت “رژێمی ئێران 41 هێرشی کردووەتە سەر حزبەکەیان، کە بووەتە هۆی کوژرانی 12 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش دیار نییە”.

ئەفسانە رەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ئاشکرایکرد “حزبەکەی 40 هێرشی کراوەتە سەر، کە دوو کوژراو و هەشت برینداری لێکەوتووەتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان