مەودا میدیا-
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم سەبارەت بەگرانکردنی نرخی کاڵاکان بەتایبەت سووتەمەنی ئاشکرایکرد هەموو جۆرە قۆرخکاریی وگرانکردنێکی نرخی کاڵاکان بەتایبەت خواردەمەنی و سووتەمەنی کە پێداویستی رۆژانەی خەڵکن و فرۆشتنی لەسەرووی نرخی ئاساییەوە کارێکی نادروست و بێ ویژدانییە.
د.حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم رایگەیاند “پێویستە هەموو بازرگانێکی موسوڵمان خۆی بەدوور بگرێت لێی و لە رۆژانی سەختدا یارمەتیدەر بێت بۆ موسڵمانان و هاونیشتمانیانی خۆی، نەک باری سەرشانی نەداران گرانتر بکات، نەبوونی چاودێریی پەرلەمانی و بێ هەڵوێستی دامودەزگاکانی پەیوەندار، بە هەل بزانێت بۆ گیرفان پڕکردن لەسەر حیسابی هەژارو نەدار”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەبێت ئەنجومەنی پارێزگاکان بابەتیانە نرخ دیاری بکەن بۆ کاڵای پێویست و سووتەمەنیەکان بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە پاڵنەری دینی و ویژدانی و هاونیشتیمانی لاواز بووەو بەداخەوە بێ رەحمی باڵی کێشاوە بەسەر زۆرێک لە بازرگانەکاندا و پەرلەمان پاڵی داوەتەوەو ئەحزابیش خەوتوون و بێ هەڵوێستن و حکومەتیش کاربەڕێکەرەو کەس خۆی ناکاتە ساحێب و بازرگانیش بە کەیفی خۆی یاری بە نرخەکان دەکات”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەرکی سەرشانی حکومەتە کە یارمەتی دەر بێت لەو رووەوە و ئاسانکاریی بکات لەپێناو دابەزاندنی نرخەکان، ئەوەش لە بەر رۆشنایی ئایەتی پیرۆزی قورئان کە فەرمانی داوە بە یارمەتیدانی یەکتر لەسەر چاکەو خواناسی، وەک دەفەرموێت:(وتعاونوا على البر والتقوى)، هەروەها ئەرکی سەرشانی گشت مامۆستایانی ئایینیە کە هانی موسوڵمانان بدەن بە دەسەڵاتدارو بێ دەسەڵاتەوە بۆ یارمەتیدانی یەکتری و بەرجەستەکردنی دادگەری کۆمەڵایەتی و دوورکەوتنەوە لە هەموو گوناهـ و گەندەڵی و ستەمێک”.
ب ح