ئەم هەفتەیە مووچەی هەرێم خەرج دەکرێت

مەودا میدیا-

بڕیارە تاوەکو ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 750 ملیار دینار کۆکراوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “ئەمڕۆ یان سبەینێ بەغدا بە لێبڕینی 120 ملیارەکەوە، پارەی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت) دەخاتەسەر هەژماری دارایی وەزارەتەکەیان”.

لای خۆیەوە عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “فالح ساری، وەزیری دارایی بەڵێنیداوە 120 ملیارەکەی داهاتی نانەوتی هەرێم نەبێتە رێگر لەبەردەم رەوانەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رۆژانی رابردوو کێشەی کەمی نەختینە و گرفت لە لیستی مووچەدا هەبووە و ئێستا چارەسەرکراوە، پارەی پێویست کۆکراوەتەوە و لەم هەفتەیەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە داهاتی نانەوتی وەک پشکی حکومەتی فیدراڵی لە 120 ملیار دینارەوە بۆ بڕێکی تر کەمبکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا بە فەرمی وەڵامی ئەم داواکارییەی نەداوەتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان