مەودا میدیا-
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێم ئاشکرایکرد بە پاڵپشتی راستەوخۆی حکومەت رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی نۆرماڵی 750 دیناری بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت و بەردەوام دەبێت.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند “لەئێستادا بەغدا تەنها یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزین دابین دەکات، لەکاتێکدا نزیکەی دوو ملیۆن و 800 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی پشکی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل، ژمارەی دانیشتووان یان پارێزگاکان دیاری بکرێت و بڕەکەی زیاد بکرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەنزینی موحەسەن و سوپەر بازرگانین و کەرتی تایبەت هاوردەیان دەکات، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا، بڕێکی زیاتر و پێویست دەخرێتە بازاڕەوە و هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەنزینی نۆرماڵ”.
ب ح