مەودا میدیا-
ئەندامێکی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەبۆنەی 42 ساڵەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد هەڵگیرسانی خەبات ماناکەی لە چەک گەورەتر بوو، بانگەوازێک بوو دژی بێدەنگی کۆمەڵگە.
موراد قەرەیلان، ئەندامی سەرۆکایەتی کەجەکە رایگەیاند “هەرچەند هەڵمەتی 15ی ئاب بە چەک دەستیپێکرد، بەڵام ماناکەی لە چەک گەورەتر بوو، بانگەوازێک بوو دژی بێدەنگیی کۆمەڵگە، بێباوەڕی گەل گۆڕا بۆ باوەڕ، ترس گۆڕا بۆ دلێری و بێهیوایی گۆڕا بۆ هیوا، گەلێکی مردوو هەستایە سەر پێیەکانی خۆی”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەئێستادا یاسای چوارچێوە کە لە پەرلەمانی تورکیا دەرچوو، هەنگاوێکی نوێ و بەنرخە لە مێژووی تورکیادا، چونکە ئەنکەرە پێشتر دانی بە ئیرادەی کورددا نەناوە و دەیویست لەناوی بەرێت، بەڵام ئەم یاسایە کەموکوڕی و هەڵەی یاسایی زۆری تێدایە، پێگەی ئەندازیاریی پرۆسەکە (عەبدوڵڵا ئۆجەلانە)، وشەی کورد و پرسی دیموکراسی فەرامۆش کردووە”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەبێت پرۆسەکە بە تەواوی لەلایەن (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)وە بەڕێوەببرێت و ئازادیی جەستەیی بەدیبێت، چونکە بەبێ ئۆجەلان ئاشتی دروست نابێت، تەڤگەرەکە ئامادەیی نیشانداوە شەڕ و تێکۆشانی چەکداری بباتە گۆڕەپانی سیاسەت و یاسا، بەومەرجەی ئۆجەلان رۆڵی خۆی وەربگرێت و باوەڕ بە هاوڕێیانی بکات، شەڕی 33 ساڵەی رابردوو نەبوونی چارەسەر بوو بەرانبەر سیاسەتی لەناوبردن”.
باسی لەوەشکرد “دەوڵەتی تورک هێشتا زمانی شەڕی دەروونی بەکاردەهێنێت و بانگەشەی سەرکەوتن دەکات، لە کاتێکدا هەڵمەتی 15ی ئاب گەلی کوردی زیندوو کردەوە و بەرخۆدانی زاپ و مەتینا سەلماندی سوپای تورک تووشی بنبەست بووە و نەیتوانیوە گەریلا تێکبشکێنێت، گەریلا تاوانبار نییە، بەڵکو بەشێوازێکی شکۆمەندانە تێکۆشاوە و بە هەمان شێواز بەشداری لە رێپێوانی ئاشتیدا دەکات”.
ب ح