مەودا میدیا-
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد دوای چوار ساڵ هەوڵ و ماندبوون توانرا رەزامەندیی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عیراق وەربگرن بۆ قیرتاوکردنی رێگای نێوان گوندی ( خان رەوف _ناحیەی خان ) لەسنووری ئیدارەی گەرمیان.
سروە محەمەد رەشید، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەمڕۆ کارکردن لە پڕۆژەی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاکە بە فەرمی دەستیپێکردووە کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێویستی سنوورەکەیە، لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵییەوە بودجەی بۆ تەرخانکراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سوپاسی هەموو ئەو لایەن و خەمخۆرانە دەکەن کە هاوکار و پشتیوان بوون لە ئاسانکاریی و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی ئەم رێگایە، پڕۆژەکەش هەنگاوێکی گرنگی ترە بۆ خزمهتكردنی هاوڵاتییانی ناوچەکە”.
ئەوەشی خستەڕوو “دووپاتی دەکەنەوە هاوشێوەی رابردوو لە سەرجەم ئاستەکاندا بەردەوام بن لە بەدواداچوون بۆ داواکارییە رەواکانی هاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان”.
ب ح