مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان سەبارەت بە دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی شایستە داراییەکانی ئەو فەرمانبەرانەی ماوەی پێنج مانگە خانەنشین بوون ئاشکرایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە دواکەوتنی مامەڵەکانیان.
جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “پێشتر ماوەی دەستپێکردنی مامەڵەی خانەنشینی سێ مانگ بوو، بەڵام وادەیە بۆ شەس مانگ درێژکرایەوەو ئەم هەنگاوەش چارەسەری کێشەکەی نەکردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەشێک لە خانەنشینان نزیکەی 20 مانگە مووچەیان پێنەدراوە، حکومەتی هەرێم و بەغدا نزیکەی 100 ملیار دیناری شایستەی دارایی خانەنشینان قەرزدارن و بژێویی ژیانی ئەو توێژەیان خستووەتە مەترسییەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بیانووەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەدواداچوونی شایستەی دارایی خانەنشینان رەتدەکەوە کە گوایە بەغدایان لە کێسەکان ئاگادارکردووەتەوە، دەبێت پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی خانەنشینان بکاتە تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا”.
باسی لەوەشکرد “هەمیشە خۆی بە خزمەتکاریی سەرجەم چین و توێژەکان دەزانێت و دووپاتی دەکاتەوە خانەنشینان بە جێناهێڵێت و لەسەر بەدواداچوونی ورد و چڕکردنەوەی فشارەکان بەردەوام دەبێت تا بەدەستهێنانی تەواوی مافە داراییەکانیان”.
ب ح