مەودا میدیا-
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کاروباری ئەمنیی ئاشکرایکرد گفتوگۆکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت بەردەوامە.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند “چەکی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووردایە و بڕیاری رادەستکردنەوەی چەک تەنها ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەستوور و دامەزراوە ئەمنییەکاندان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “گرووپە چەکدارەکان پابەندن بەوەی هیچ کارێک دژی وڵاتانی دراوسێ یان لە ناوخۆی عیراقدا ئەنجام نەدەن، سوورن لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆسییانەی دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە عیراق بە تایبەتی هێرشەکانی سەر وڵاتانی دراوسێ”.
ئەوەشی خستەڕوو “دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلول، دەرفەتێکی گونجاو دێتەپێشەوە و گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی چەک رادەستی دەوڵەت بکەن”.
باسی لەوەشکرد “پەیوەندییەکی جێگیرییان لەگەڵ ئێران و ئەمەریکادا هەیە و هەوڵدەدەن ببنە پردێکی پەیوەندی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە مافی هەموو ناوچەکە بپارێزێت”.
ب ح