کۆمەڵگەی کوردی لە بەردەم هەڕەشەی نامۆبووندا

ئیڤانۆ عەبدوڵڵا

کۆمەڵگەی کوردی لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا تووشی شڵەژانێکی قووڵی رۆحی و فیکری بووەتەوە. ئەمە کێشەیەکی سادە نییە، بەڵکوو مەترسییەکی پێکهاتەییە کە نەک هەر لەسەر ئاستی بیرکردنەوە، بەڵکوو لە قووڵایی جەستە و رۆحی رۆژانەی تاكی کورددا هەستی پێدەکرێت. ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێمە لەنێوان دوو شەپۆلی توندڕەودا گیرساوەتەوە کە لە دوو ئاراستەی سەربڕی پێچەوانەوە دێن، بەڵام لە بڕینەوەی رەگوڕیشەی رەسەنایەتیی نەتەوەیی ئێمەدا تەواو هاودەنگن. پەنجا بە پەنجا کۆمەڵگا دابەشی ئەو دوو جەمسەرەن.

لە لایەکەوە، رەوتە ئایدۆلۆژییە هاوردەکراوەکان کە بەناوی مۆدێرنێتە، تیۆرە چەپەکان و فێمینیزمی رادیکاڵەوە دەدوێن، بێ هیچ گونجاندن و تێگەیشتنێک لە سیاقی مێژوویی و ئەنترۆپۆلۆژیی کۆمەڵگەی کوردی، دەقە حازربەدەستەکانی رۆژئاوا بەسەر واقیعی ناوخۆییدا دەسەپێنن. لە لۆژیکی ئەم بەشەدا، جلی کوردی، داپۆشینی رەسەن، ئاداب و شێوازی ژیانی داپیرانمان وەک نیشانەی «پاشڤەڕۆیی» یان «کۆسپ» تەماشا دەکرێت. ئەم رەوتانە لەبری ئەوەی مافی ژن و دادپەروەریی لەناو جەرگەی مێژوو و کولتووری خۆماڵی و رەسەنی کوردیدا ببوژێننەوە، مۆدێلێکی نامۆ و دابڕاو دەهێنن کە مرۆڤی کورد لە رەگوڕیشەی کولتووریی خۆی دادەکەنێت.

لە لایەکی ترەوە، دەنگێک لە ئاستی ئایینپەروەریی دەقگەرا و مەلایی دژە-نەتەوە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا سەریهەڵداوە کە راستەوخۆ بەرەنگاریی سیمبولە نەتەوەییەکان دەبێتەوە. لە دیدی ئەم دەنگانەدا، کولتوور، زمانی داپیران، جلی رەسەن و هەموو سیمبولێکی مێژوویی و نەتەوەییی کورد بە شتێکی بێبایەخ، یان تەنانەت «شەرم» پێناسە دەکرێت. ئەوان هەوڵدەدەن وەفاداریی کۆمەڵگەی کوردی لەسەر بنەمای نەتەوە و خاک بسڕنەوە و جۆرێک لە نامۆبوونی کولتووریی بئافرێنن کە تێیدا تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانمان بەتەواوی کاڵ ببنەوە.

ئەنجامی ئەم دوو جەمسەرگیرییە توندە، دروستبوونی دووڕیانێکی هەژارانەیە بۆ تاكی کورد. یان دەبێت بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی «هاوچەرخبوون» دەستبەرداری پۆشاک و کولتوور و ناسنامەکەی بێت، یان دەبێت بۆ پاراستنی رۆحیەتێکی ئایینی، تەسلیمی وتارێکی دژە-نەتەوە بێت کە سیمبولەکانی خۆی پێ پەراوێز دەخات.

چارەسەر لە خۆبەدەستەوەدان بۆ هیچ کام لەم دوو بەرداشەدا نییە. کۆمەڵگەی کوردی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ سەربەخۆیی فیکری و مۆدێرنێتەیەکی رەسەن، رەوتێکی سێیەم کە رێز لە جلی کوردی، مێژوو و شێوازی ژیانی خۆی بگرێت و لەناو هەناوی کولتووریی خۆیدا گەشە بە مافەکان و دادپەروەری بدات، بەبێ ئەوەی باجی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی هاوردەکراو یان سڕینەوەیەکی نا-نەتەوەیی ببات.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان