عەبدولكەریم قاسم، لە 21ی تشرینی دووەمی 1914 لە قەزای ئەلمەهدییەی بەغدا لەدایكبووە، ئەفسەرێكی سەربازی عیراقی بووە كە دواتر بووە بە سەرۆك وەزیرانی عیراق، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و وەزیری بەرگری بە وەكالەت، یەكێك بووە لە سەركردەكانی شۆڕشی 14ی تەمموز و دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی پاشایەتی عیراق و راگەیاندنی كۆمار ، بووە بە یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق.
عەبدولكەریم قاسم كە ئەندامی بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازاد بوو، لەگەڵ عەبدولسەلام عارف سەركردایەتی شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958ی كرد و سەركەوتوو بوون لە رووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی و راگەیاندنی كۆماری عیراق لە رێگەی پەخشی رادیۆییەوە. ئەوەش بووە هۆی دەستگیركردن و كوشتنی زۆرێك لە ئەندامانی بنەماڵەی شاهانە و هاوكارە نزیكەكانیان و دەستپێكردنی سەردەمێكی نوێ لە عیراق.
جاسم عەزاوی، كە سكرتێری تایبەتی عەبدولكەریم قاسم بوو، لە یەكێك لە بیرەوەرییەكانیدا باسی چۆنیەتی خەرجكردنی مووچەی یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق دەكات و دەڵێت” لەو رۆژەی پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت تا ئەو رۆژەی مرد هەرگیز خۆی مووچەكەی وەرنەدەگرت، بەڵكو من هەموو جارێك مووچەكەیم وەردەگرت و واژۆكەشم لە جیاتی ئەو دەكرد، دواتر پارەكەیم دەخستە نێو دەغیلەكەیەوە كە 440 دیناری عیراقی بوو بۆ هەر مانگێك، لەو بڕە پارەیەش 100 دیناری دەدا بە برایەكی بەناوی “حامید”، چونكە ئەو برایەی هەموو رۆژێك خواردنی بۆ دروست دەكرد و لەناو سەفەرتاسێك بۆی دەهێنایە نووسینگەكەی.
100 دیناریشی دەدا بە خوشكێكی بەناوی “ئوم ئەحمەد ” و 40 دیناری تریشی دەدا بەو ئەفسەرەی نانی بەیانی و ئێوارەی بۆ ئامادە دەكرد، بەم شێوەیەش تەنها 200 دینار لە نێو دەخیلەكەی دەمایەوە، ئەویش لە میانەی ئەو گەشتانەی رۆژانە بە نێو شاری بەغدا ئەنجامی دەدا بەسەر هەژار و كەمدەرامەتەكاندا دابـەشی دەكـرد .
عەزاوی باسی ئەوەش دەكات” عەبدولكەریم قاسم هەندێك جار ئەو بڕە پارەیەی زیاد ئەبوو بۆ ماوەی شەش مانگ كۆی دەكردەوەو دەیدا بەو ئەفسەرانەی لە ریزی پێشەوەی شۆڕشی 14 ی تەمووز بەشداریان كـردبوو .
بەڵام لە كۆتاییدا دەسەڵاتەكەی قاسم بە كودەتایەكی سەربازی حزبی بەعس و ناسیۆنالیستە عەرەبەكان لە 8ی شوباتی 1963 كۆتایی هات و لە 9ی شوبات تیرۆر كرا.
دوای مردنیشی لە وەفاتنامەكەیدا نوووسراوە سامانەكەی بڕی 16 دینار و 400 فلسی عیراقییە.
پێدەچێت هەر لەبەر ئەو هۆكارانەش بێت كە “د.عەلی وەردی” كۆمەڵناسی گەورەی عیراقی دوای كوژرانی “عەبدولكەریم قاسم” دەڵێت” گەورەترین هەڵە لە مێژووی عیراقدا تائێستا كوشتنی عەبدولكەریم قاسم بووە.
ئامادەكردن و وەرگێڕان، ئەرسەلان پەرۆش