مەودا میدیا-
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد رێککەوتنامەی ئیسلامئاباد بۆ کات بەفیڕۆدان بووە و ئەمەریکا لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا هیچ دەستپێشخەرییەکی نەکردووە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند “ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەرکی بەڕێوەبردنی دیپلۆماسییەتی وڵاتەکەی لەئەستۆگرتووە و داواکارییەکانی تارانیش لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە ئەمەریکا گەیشتووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی تیمی دانووستانکاری ئێران دەکات و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەنێوان تاران و واشنتۆن بەردەوامە، بەڵام مەرج و بڕیاری تاکلایەنە رەتدەکەنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەڕەشەکردنی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ و باسکردنی بەکارهێنانی چەکی تایبەت، هاندانی لایەنەکانە بۆ پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە نزیکەوە چاودێریی ئەم رەفتارانەی واشنتۆن دەکەن”.
ب ح