مەودا میدیا- کوردستان دەلۆیی
تورکیا ئەو بانگەشە و دەنگۆیە رەتدەکاتەوە کە باس لە ناردنی مووشەک و درۆنی وڵاتەکەی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و رایگەیاندووە “هیچ بنەمایەکی راستی نییە”، ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە چەواشەکارییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەوەی بە چەواشەکاری و ناپیشەیی بوون باسکردووە.
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە چەواشەکارییەکانی لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی نیسانی 2026 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە “ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک هەژماری سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆرمە چەواشەکارییەکان بڵاوبوونەتەوە کە گوایە تورکیا مووشەکی دژە فڕۆکەی پێشکەوتوو و درۆنی داوەتە ئێران، یان فڕۆکەیەکی F-15ی ئەمەریکی بە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی دروستکراوی تورکیا پێکراوە، هیچ بنەمایەکی راستی نییە.”
“بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانەی لەو جۆرە، شەڕی دەروونیی بەمەبەست و پڕوپاگەندەی رەشن کە ئامانجیان تێکدانی رۆڵی بنیاتنەری تورکیایە لە قەیرانەکانی ناوچەکە”، هەروەها “بۆ لاوازکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرەیە لە چەسپاندنی ئاشتیدا”، بەپێی بەیاننامەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە چەواشەکارییەکانی لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا.