تره‌مپ كۆتایی به‌ شه‌ڕى ئێران ده‌هێنێت

مه‌ودا میدیا-

میدیا جیهانییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت كۆتایی به‌ شه‌ڕى ئێران بهێنێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یاریدەدەرە باڵاکانی لە هەوڵی وەستاندنی پەرەسەندنی گرژییەکان و راگەیاندنی کۆتایی شەڕ لەگەڵ ئێرانن.

رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمه‌ریکی بە پشتبەستن بە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە نووسیویەتی “دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکى ئەمه‌ریکا کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ یاریدەدەرە باڵاکانی سەبارەت بە ئەگەری راگەیاندنی کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات”.

رۆژنامەكه‌ بە پشتبەستن بە کاربەدەستانی ئەمه‌ریکی بڵاویکردەوە، ترەمپ لە میانەی وتووێژەکانی لەگەڵ یاریدەدەرە باڵاکانیدا پشتیوانی خۆی بۆ بیرۆکەی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران دەربڕیوە.

لە لایەکی تره‌وه‌ ئاژانسی رۆیتەرز باسى له‌وه‌كردوه‌ چوار راوێژکاری باڵای دۆناڵد تره‌مپ، هەوڵدەدەن پێش بە پەرەسەندنی شەڕ لەگەڵ ئێران بەر لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەر بگرن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکانی هەڵبژاردن بۆ کۆمارییەکان.

ئاژانسەکە بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، بڵاویکردووەتەوە کە بەرپرسانی کۆشکی سپی هەوڵدەدەن رێگریی لە ململانێکان بکەن کە زاڵ بن بەسەر کەشوهەوای هەڵبژاردنەکاندا بۆ ئەوەی زۆرینەی لاوازی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران بپارێزن، بەم پێیە رەنگە دوای هەڵبژاردن جارێکی تر چالاکیی سەربازی پەرەپێبدەن.

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە بە پێی راپرسییەکی رۆیتەرز لە کۆتایی مانگی ئابدا، تەنیا لە سەدا 31ى ئەمه‌ریکییەکان پاڵپشتی شەڕیان لەگەڵ ئێران کردووە، لە کاتێکدا نزیکەی لە سەدا 63ى ئەمه‌ریکییەکان دژایەتیان کردووە، ئەم ناڕازیبوونە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمه‌ریکا دەگەڕێتەوە.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان