جارێکی تر بەهای دۆلار بەرزدەکرێتەوە

مەودا میدیا-

سەرۆک وەزیرانی عیراق بەنیازە جارێکی تر بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە و خاوەندارێتی دەزکا حکومییەکانیش بگۆڕێت لەپێناو دانەوەی قەرزەکانی حکومەت.

رۆژنامەی مەدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عیراقییەوە بڵاویکردەوە “دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ماڵی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەتەوە و بە کۆی دەنگ پلانێکی ئابووریی و ئەمنییان پەسەند کردووە کە لەلایەن عەلی پێشکەشکراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رێگای گەیشتن بەم گۆڕانکارییانە تەنها بە وەزارەتی داراییدا تێپەڕ نابێت، بەڵکو بە ناو دۆسییە گەلێکی هەستیارتردا دەڕوات لەوانە چەکی بێ مۆڵەت، وەبەرهێنانی بیانی و راوەدوونانی تۆمەتبارانی گەورەی گەندەڵی، ئەمانە دۆسییەکانن کە لە بەرنامەی حکومەتە نوێی عیراقدان هەوڵدەدات ناسنامەیەکی ئابووری جیاواز بۆ وڵات دابڕێژێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “قۆناغی یەکەمی پلانەکە پێشنیازێک لەخۆ دەگرێت بۆ دووبارە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار و چارەسەرکردنی دۆسییەی قەرزی گشتیی کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە 83 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، هەروەها زەیدی پێشنیازی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو دامەزراوە حکومییە بەرهەمهێنەرانە دەکات کە قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە”.

باسی لەوەشکرد “نوێترین داتاکانی وەزارەتی دارایی تاوەکو کۆتایی مانگی نیسانی رابردوو ئاشکرای دەکەن کە کۆی قەرزی ناوخۆیی 96 تریلیۆن و 629 ملیار دیناری تێپەڕاندووە (واتە نزیکەی 73.3 ملیار دۆلار)، لە کاتێکدا قەرزی دەرەکی زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە”.

وتیشتی “زەیدی ماوەیەک لەمەوبەر رایگەیاندبوو کە لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا تەنها یەک تریلیۆن دیناری لە خەزێنەی دەوڵەتدا هەبووە، لە کاتێکدا پێشتر مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر جەختی کردبووەوە کە خەزێنەکەی رادەستی حکومەتی دواتر (حکومەتی سودانی) کردووە و نزیکەی 100 تریلیۆن دیناری تێدا بووە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان