مەودا میدیا-
فرۆشتنەوەی گۆڕی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە بەهەشتی زەهرا لە تاران نیگەرانی لای کەسوکارەکانیان لێکەوتووەتەوە و بەشێك، لە قوربانییەکان هیچ ناونیشانێکیان نەماوە، کە گۆڕستانەکە گۆڕی 763 شەهیدی هەڵەبجەی تێدایە.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەو کارمەندانەی کە گۆڕستانەکە بەڕێوەدەبەن دەستکاریی گۆڕەکان دەکەن و شوێنی گۆڕەکانی شەهیدەکانی هەڵەبجە بە کەسانی تر لە بەرانبەر بڕێک پارە دەفرۆشنەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پێشتر ئیدارەی خۆجێی هەڵەبجە، وەزیری شەهیدان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە مەترسییەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام تتاوەکو ئێستا وەک پێویست کاریان لەسەر نەکردووە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای هێرشە کیمیاییەکەی رژێمی لەناوچووی بەعس بە سەرۆکایەتیی سەدام حسێن لە 1988/3/16، بەشێکی زۆر لە بریندارانی چەکی کیمیایی رەوانەی نەخۆشخانەکانی تاران کران، بەڵام بەشێک لە بریندارەکان شەهیدبوون و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران بەخاکسپێردران.
ب ح