لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا تونێلێكی شەمەندەفەر هەیە

باوەڕ ناكەیت ئەم تونێلە بە چ شێوەیەكی وردی ئەندازیاری درووست كراوە !

مەودا میدیا-
بە تێكڕا، تونێلەكە نزیكەی 45 مەتر لە خوار بنی دەرییاكەوەیە و بە قووڵی بەناو تاشەبەردەكانی ژێر نۆكەندی ئینگلیزدا دەڕوات.
ئەندازیاران سودیان لە جۆرە بەردێكی تایبەت بە ناوی (Chalk Marl) وەرگرت بۆ هەڵكەندن كە لەو چینەی بنی دەریاكەدا هەیە، چونكە توانای تێپەڕبوونی ئاوی كەمە، كاركردن و هەڵكەندنیشی ئاسانترە، هەروەها سەقامگیرییەكی باش دەبەخشێت بە تونێلەكە، چونكە  لە ژێر بنی دەریادا، ئاوی ژێر زەوی پەستانێكی زۆری هەیە كە كاردەكاتە سەر دیواری دەرەوەی تونێلەكە.

تیمەكان لە هەردوو لای بەریتانیا و فەرەنساوە دەستیان بە هەڵكەندن كرد و لە رێگەی رووپێوییەكی زۆر وردی ژێر زەوییەوە بەرەو هەمان خاڵی یەكگرتنەوە ئاراستە كران، لەگەڵ ئەوەشدا ئامێرێكی پێشكەوتوویان بۆ هەڵكەندنی تونێلەكە بەكارهێنا كە خاوەنی هێزێكی خولانەوەی بەهێز و پاڵنانی بەهێزە بۆ پێشەوە، بەجۆرێك كە دەتوانێت  بەردەكان بشكێنێت و پارچەكانی لاببات ئەگەر هەرچەندە سەختیش بن.

كاتێك تیمەكانی هەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا یەكیان گرتەوە، تەنها بە بڕی 30 سانتیمەتر بە ئاسۆیی و هەشت سانتیمەتر بە ستوونی لە یەكترییەوە لایاندا بوو، كە ئەمەش جیاوازییەكی زۆر كەمە بەراورد بە گەورەیی كارەكە و دەستكەوتێكی گەورەی رووپێوییە.

لە راستیدا پڕۆژەكە لە سێ تونێلی هاوتەریب پێكدێت، دوو تونێلیان بۆ گواستنەوەی شەمەندەفەرەكانن و تونێلێكی بچووكتر لە ناوەڕاستدا بۆ كاری چاككردنەوە و باری لەناكاو بەكاردێت.
شەمەندەفەرە خێراكان وەك پستۆنێكی زەبەلاح كاردەكەن و هەوا بەناو تونێلە داخراوەكەدا بۆ پێشەوە پاڵدەنێن، بۆیە بۆری یان رێڕەوی تایبەت لە نێوان تونێلەكاندا دانراون بۆ كەمكردنەوە و كۆنترۆڵكردنی پەستانی هەوا.

لە هەمان كاتدا بەهۆی ئەوەی كە شەمەندەفەر و ئامێرەكان بەردەوام گەرمی لە ناو تونێلەكەدا دروست دەكەن، بۆیە بۆری ئاوی ساردكەرەوە بەكارهێنراوە بۆ مژینی وزەی گەرمییەكە و بردنە دەرەوەی، تاوەكو رێگری بكرێت لە بەرزبوونەوەی زۆری پلەی گەرمی.


وەرگێران، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان