30ی ئەیلولی 2026، رۆژێكی مێژوویی گرنگە لە عیراقی هاوچەرخدا، كە ئەو رۆژە دیاریكراوە بۆ كشانەوەی تەواوەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتدا.
گرنگی ئەم رۆژە لە بەرجەستەكردنی سەروەری نیشتمانی تەواو و دووپاتكردنەوەی توانای هێزە چەكدارەكان بۆ بەڕێوەبردنی ئاسایشی وڵاتدایە. ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ گواستنەوە لە تەحەددای سەربازییەوە بۆ قۆناغێكی سەقامگیری و هاوبەشی نێودەوڵەتی دادپەروەرانە و گەشەپێدانی ئابووری هەمەلایەنە.
سەروەری تەنها مانای كشانەوەی هێزە بیانییەكان نییە، بەڵكو زیاتر ئەوەیە كە دەوڵەت قسەی كۆتایی هەیە سەبارەت بە ئاسایشی خاكەكەی، هەروەها هیچ هێزێكی سەربازیی بیانی لە چوارچێوەی عیراقدا لە دەرەوەی ئیرادەی دامەزراوە دەستوریەكانیدا كارناكات، جگە لەوەش كشانەوەی ئەو هێزانە عیراق لە قۆناغی ئامادەبوونی سەربازیی دەرەكییەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی هاوكاری و هاوبەشی نێوان دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەری.
هەندێك لە شارەزایانی سیاسی عیراق پێیان وایە” وادەی كشانەوەی تەواوەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عیراق، وەرچەرخانێكی بەرچاو و پێشهاتێكی ئەرێنی گەورەیە بە ئاراستەی چەسپاندنی بنەماكانی سەروەری نیشتمانی كە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بە سەركردایەتی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق پەسەندكراوە”.
دەشڵێن”عیراق خاوەنی هێزی ئەمنی تەواوە كە توانای تەواویان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و پاراستنی لە هەر هەڕەشەیەك، بوونی ئەو هێزانەش لەم قۆناغەدا چیتر پێویست نییە، چونكە كشانەوەیان دەرگا بە رووی قۆناغێكی نوێدا دەكاتەوە”.
كشانەوەی ئەو هێزە بیانییانە لە عیراق، هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری حكومەت سەبارەت بە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا، بۆیەش ئەمە ترسی لای بەشێكی شارەزایانی سیاسی عیراق درووست كردووە كە ئەو دوو هەنگاوە پێكەوە لە یەك كاتدا تەنها رێكەوتێك نەبێت، چونكە ترسیان لەوە هەیە كە پلانێكی قوڵتر لە پشتیەوە هەبێت بۆدرێژكردنەوەی مانەوەی ئەو هێزانە لە عیراق.
ئەوەی كە ئێستا بووەتە مۆتەكەیەك و ترسی لای عیراقییەكان درووست كردووە ئەوەیە كە گرووپە چەكدارەكانی عیراق بە ئاسانی مل بۆ دانانی چەك نادەن و تا ئێستاش هەندێكیان بە توندی ئەو كارەیان رەتكردووەتەوە، بۆیە ترسی ئەوەیان لا درووست بووە كە فشارەكانی حكومەت و وەڵامدانەوەی ئەو هێزانە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و پارچە،چارچەكردنی خاكی عیراق، كە ئەوەش بوار بۆ هێزە بیانییەكان دەڕەخسێنێت و بیانوویەكی بەهێزیان دەداتی تا بۆ ماوەیەكی درێژتر لە وڵاتەكەدا بمێننەوە.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش
ئ پ