عیراق چۆن و بە چ رێگایەك دەتوانێت گەندەڵی بنبڕ بكات ؟

مەودا میدیا-
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی لە عیراقدا ئیتر تەنها بابەتێكی سیاسی نییە یان بابەتێك نییە كە بتوانرێت دوابخرێت، بەڵكو بووەتە پێشمەرجێكی بنەڕەتی بۆ سەركەوتنی چاكسازی ئابووری و گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دەوڵەت و دامەزراوەكانی.
ئەمەش پێویستی بە داڕشتنی نەخشەڕێگایەكی گشتگیر هەیە بۆ چاودێری و پاراستنی سامانی گشتی، لەسەر بنەمای گۆڕانكارییەكان بۆ چارەسەركردنی گەندەڵی پێش ئەوەی رووبدات، لە رێگەی سیستەمێكی یاسایی و چاودێری و جێبەجێكردنی یەكگرتووەوە.
لەم چوارچێوەیەدا رۆڵی یاسادانان و چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران گرنگییەكی زۆری هەیە، نەك تەنها وەك دەزگایەكی چاودێری، بەڵكو وەك هاوبەشێكی دامەزراوەیی لە سەركەوتنی رێبازی چاكسازی ئابووری كە لەلایەن حكومەتەوە بە سەركردایەتی سەرۆكوەزیران پەسەندكراوە.
هەوڵەكانی ئەم دواییەش نمونەیەكە بە ئاراستەی بەهێزكردنی چاودێریكردنی سامانی گشتی لە رێگەی چاودێریكردنی كارەكانی دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی و دۆسیەكانی دەستپاكی و دژە گەندەڵی.
سەركەوتنی حكومەتیش لەم كارەدا پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی هەمەلایەنە هەیە، كە لە ئاستە باڵاكانی دەوڵەتەوە دەست پێبكات و درێژ ببێتەوە بۆ هەموو وەزارەت و دامودەزگا گشتیەكان، بەجۆرێك رێزگرتن لە سامانی گشتی ببێتە بنەمایەكی جێگیر.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نابێت تەنها لە ئاشكراكردنی پێشێلكارییەكان سنووردار بكرێت، بەڵكو دەبێت پێش خەرجكردنی پارە كەموكوڕییەكان دەستنیشان بكرێت، پێداچوونەوە بە ئیمكانی پڕۆژەكەدا بكرێت، یەكپارچەیی رێكارەكانی گرێبەستكردن و جێبەجێكردن پشتڕاست بكرێتەوە و ئەنجامە بەدەستهاتووەكانیش لە بەرامبەر خەرجییەكان بپێورێت.
ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی و لێپرسینەوە ئاسانتر و روونتر دەكاتەوە و بەفیڕۆدان و دەستكاریكردن و پڕۆژە بێ بەرهەمەكان كەمدەكاتەوە.
جگە لەوەش ئامراز و میكانیزمی كاریگەرتر و مۆدێرنتر بۆ چاودێریكردنی ئەدای كاركردن و لێپرسینەوە لە بەرپرسان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی و دەزگاكانی دەستپاكی دابین دەكات.
هاوكات ئەم سیستەمە بوارێكی فراوان بۆ شەفافیەت و دەستكەوتنی زانیارییەكان بە ئاسانی دەڕەخسێنێت، جگەلەوەش پێویستی بە بەدیجیتاڵكردنی رێكارە دارایی و حكومییەكان، بەرزكردنەوەی شەفافیەت لە گرێبەست و تەندەر و پڕۆژەكاندا، باشتركردنی وردبینی ناوخۆیی، و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان دەزگاكانی چاودێریدا هەیە، لەگەڵ چالاككردنی بنەمای لێپرسینەوەی كەسی بۆ بڕیارە داراییەكان.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەتەنها بە قسەكردن سەركەوتوو نابێت، بەڵكو پێویستی بە یاسا و ستانداردی روون، چاودێری بەردەوام، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ، یاسای رێگریكردن، داتای شەفاف و لێپرسینەوەی بێلایەن هەیە. لەم چوارچێوەیەشدا، هەماهەنگی نێوان پەرلەمان، كۆمیسیۆنی دەستپاكی، دەستەی فیدراڵی بۆ وردبینی باڵا، دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی دادوەری، كلیلی بنیاتنانی سیستەمێكی یەكپارچەیی یەكگرتووە.

پێویستە ئەوەش بوترێت كە پاراستنی سامانی گشتی تەنها لە ئەستۆی حكومەت یان پەرلەمان نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتی هاوبەشی دەوڵەت و دامەزراوەكانی و كۆمەڵگا و تاكەكانە. ئەگەر ئیرادەی سیاسی لەگەڵ چاكسازیی راستەقینەی دارایی و ئیداریدا بگونجێت، عیراق دەتوانێت لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی كاریگەرییەكانی گەندەڵیەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی رێگری لێكردن و وشككردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی.

لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان