روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتیی

لە دوای بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ خاتوو ئاوات حیسامەدین لە ماڵپەڕەکەمان، کە دواتر لەلایەن هەندێک کەسەوە بە شێوەیەکی جیاواز لە ناوەڕۆکی راستەقینەی چاوپێکەوتنەکە بەکارهێنراوە، بە پێویستی دەزانین ئەم روونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بڵاو بکەینەوە.

چاوپێکەوتنەکەی خاتوو ئاوات بە تەواوی و بە کۆنتێکستی خۆی، ناوەڕۆک و مەبەستی قسەکانی دیارە، بەڵام لە کاتی مۆنتاژکردنی چاوپێکەوتنەکە، بەشێک لە قسەکە لە شوێنی خۆی لابراوە و وەک پێشەکییەک بۆ ڤیدیۆکە دانراوە.

ئەم بەشەی لە پێشەکییەکەدا دانراوە، کاتێک لە کۆنتێکستی تەواوی چاوپێکەوتنەکە دەبینرێت، مانایەکی جیاواز لەوە دەدات کە دواتر لەلایەن هەندێک کەسەوە پێشکەش و لێکدانەوەی بۆ کراوە.
لەبەرئەوە، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە هەر بەشێک لە چاوپێکەوتنەکە نابێت لە کۆنتێکستی تەواوی خۆی جیابکرێتەوە و پاشان وەک بەڵگەیەک بۆ تۆمەتبارکردن یان شێواندنی مەبەستی قسەکەر بەکاربهێنرێت.

لە بابەتەکەدا، دواتر هەمان ئەو بەشەی لە پێشەکییەکەدا دانراوە، لەلایەن بەڕێز مامۆستا مەلا عومەر دارەتووەوە بە شێوەیەکی جیاواز لە کۆنتێکستی سەرەتایی خۆی بەکارهێنراوە و لێکدانەوەی بۆ کراوە.
بۆیە ئێمە پێمان وایە بۆ روونکردنەوەی راستییەکان و رێگریکردن لە تێگەیشتنی هەڵە، پێویستە تەواوی ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکەی خاتوو ئاوات ببینرێت، نەک تەنها ئەو بەشەی کە وەکوو پرۆمۆ لە سەرەتاکەیدا دانراوە.
ئێمە هیچ بانگەشەیەک بۆ ناکۆکیی ئایینی یان کۆمەڵایەتی ناکەین، مەبەستی ئەم روونکردنەوەیەش تەنها ئەوەیە کە رای گشتی تەواو و کۆنتێکستی راستەقینەی چاوپێکەوتنەکە بزانێت و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ نەکرێت.
لە کۆتاییدا، داوا لە هەموو هاوڵاتییان و بە تایبەتی ئەو کەسانە دەکەین کە لەسەر بنەمای پرۆمۆکە قسەی نەشیاو و حوکمی پێشوەختەیان لەسەر ئاوات خان داوە، بگەڕێنەوە بۆ بینینی تەواوی چاوپێکەوتنەکە و کۆنتێکستی قسەکان بخوێننەوە و بزانن کە چۆن بەشەکان لە یەکتر جیاکراونەتەوە.
ئێمە باوەڕمان وایە کە راستی نابێت لە بەشێک لە دەق یان تەنها پرۆمۆیەکدا ببینرێت؛ بەڵکوو دەبێت بە تەواوی و بە کۆنتێکستی راستەقینەی خۆی ببینرێت.

ماڵپەڕی مەودا میدیا

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان