مەودا میدیا-
بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرێتی ئاوی كەلار، ئەمڕۆ سێشەممە لە چەند گەڕەكێكی قەزاكە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی سیروانەوە ئاو دابەش ناكرێت.
بەڕێوەبەرێتی ئاوی كەلار لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت ” هەریەك لە گەڕەكەكانی سەركەوتن، تەجاوزەكانی گۆران، بەردەسوور، نەورۆز، ئەندازیاران، گۆران، شوقەكانی گۆران و ئازادی ئەمڕۆ ئاویان بەسەردا دابەش ناكرێت بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی رووباری سیروانەوە”.
باسی لەوەش كردووە ” ئەو گەڕەكانە لە هەردوو وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی كەلار یەك و كەلار دوو ئاو وەردەگرن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “سبەینێ چوارشەممە دابەشكردنی ئاو لەو گەڕەكانە دەستپێدەكاتەوە و بەشێوەیەكی ئاسایی لە كاتی خۆیدا ئاویان بەسەردا دابەش دەكرێت”.
كەمبوونەوەی ئاوی رووباری سیروان لە كاتێكدایە كە بەهۆی خنكانی گەنجێكی دانیشتووی قەزای كەلار لە رووبارەكەدا، لەلایەن بەرپرسانی بەنداوی دەربەندیخانەوە ئاوی بەنداوەكە گیراوەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە كارئاسانی بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە.
ئ پ