مەودا میدیا-
دەستەی دەستپاکیی عیراق ئاشکرایکرد بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی لوبنان تۆمەتبارێکی هەڵهاتوویان دەستگیرکردووە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ عیراق کە پێشتر بەشێوەی ئامادە نەبوون سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستەی دەستپاکیی عیراق رایگەیاند “سزادراوى هەڵهاتوو (عەلیا حەسونی) لە ماوەی کارکردنیدا لە فەرمانگەی تەندروستی واست، لە دزینی دوو ملیار و 855 ملیۆن دینار لە فەرمانگەکەی لەگەڵ بەشداریکردن لە دزینی بڕێکی تر کە بریتی بووە لە (923 ملیۆن دینار)، کۆی هەردوو بڕە دزراوەکە گەیشتووەتە سێ ملیار و 779 ملیۆن دینار”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “فەرمانگەی وەگرتنەوە دۆسییەی وەرگرتنەوەی تایبەت بە سزادراوى هەڵهاتوو عەلیا حەسونی، فەرمانبەری پێشوو لە فەرمانگەی تەندروستی واستی ئامادەکردووە و ئاڕاستەی لایەن پەیوەندیدارەکانی لوبنان کراوە و دوای دەستگیرکردنی لە رێگەی پۆلیسی ئەنتەرپولەوە گەڕێندراوەتەوە عیراق”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە ئەنجامی هەماهەنگی بووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە سەروویانەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتیی لە وەزارەتی ناوخۆ، لایەنە دادوەرییەکان، بەتایبەت دەزگای داواکاری گشتی، جگە لە باڵیۆزخانەی عیراق لە لوبنان”.
ب ح