شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد ‏چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی باران و هەورەبروسکە روو لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بکات، هاتنی ئەم شەپۆلە سەرچاوەکەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای سپی ناوەڕاستە کە شێیەکی زۆر لە زەریای ئەتڵەسییەوە وەردەگرێت و بەسەر ئەفریقاوە تێدەپەڕێت، دواتر لەگەڵ نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای سوور و بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری تێکەڵ دەبێت، سبەینێ دابارین دەستپێدەکات.

‏ ‏سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەمڕۆ ‏شەپۆلەکە دەستپێدەکات، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێر، دواتر دەگاتە سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک، سبەینێ کاریگەری شەپۆلەکە دەگاتە لووتکە و ئاستی بارانبارین زۆر زیاتر دەبێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە تاوەکو7ی مانگ بەردەوام دەبێت و لە 8ی مانگ کۆتایی دێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “‏ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و نمەباران و بارانی سووک لە باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێم هەیە، کاریگەری باران لە سلێمانی و ئیدارەی سۆران و ناوچەکانی رۆژهەڵات زیاترە و هەندێک جار هەورەبروسکەش روودەدات، بڕی باران مامناوەندە و لە ناوچە شاخاوییەکان رێژەکە زیاترە لە شارەکان.”.

ئەوەشی خستەڕوو “‏پلەکانی گەرما لە نێوان (18 بۆ 33 پلە) دەبێت، لە شاخاوییەکان (18 بۆ 30 پلە)، لە ناوچە گەرمەکان (30 بۆ 33 پلە)، رێژەی باران لە شاخاوییەکان (10 بۆ 25 ملیمەتر)، لە شارەکان رێژەکە کەمتر (0 بۆ 10 ملیمەتر )و لە گەرمەکان (2 بۆ 8) ملیمەتر دەبێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان