مه‌ودا میدیا-
بۆ سێیه‌م رۆژ له‌سه‌ر یه‌ك، كێشه‌ى ئه‌ى تى ئێمه‌كان له ناوچه جیاجیاكانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وامه و به‌هۆیه‌وه كێشه بۆ مووچه‌خۆران دروسبووه.
بۆ سێیه‌م رۆژ له‌سه‌ر یه‌ك له خشته‌ى مووچه‌ى مانگى نۆ، ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ران له ناوچه جیاجیاكانى هه‌رێم په‌یوه‌ندییان به مه‌ودا میدیاوه كردووه و نیگه‌رانن له كێشه‌ى ئه‌ى تى ئێمه‌كان و نه‌بوونى پاره له‌ناو ئامێره‌كانى راكێشانى پاره.
ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه به وته‌ى خۆیان، هه‌ر یه‌كه له بانكى ئه‌هلى عیراقى، بانكى ئیسلامى و تى بى ئاى و بانكى به‌غدا و ئاڕتى بانك به خراپترین بانك ده‌زانن و به‌هۆیه‌وه نه‌یانتوانیوه له سێیه‌م رۆژى دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى نۆ، مووچه وه‌ربگرن.
ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه هه‌ندێكیان كێشه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندنه‌وه له سنورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین و پێنجوێن و چه‌مچه‌ماڵ، ته‌نها یه‌ك بۆ دوو ئامێرى راكێشانى پاره‌ى تێدایه بۆ هه‌زاران فه‌رمانبه‌ران، ئه‌وه‌ش وایكردووه نه‌توانن مووچه وه‌ربگرن و زووتر پاره ته‌واو بێت ئه‌مه جگه له قه‌ره‌باڵغى به‌رده‌م بانكه‌كان.
تا ئێستا وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كى نه‌داوه له باره‌ى كێشه‌ى به‌رده‌وامى ئه‌ى تى ئێمه‌كان و نه‌بوونى پاره تیایاندا كه هه‌موو مانگێك كێشه بۆ فه‌رمانبه‌ران دروست ده‌كه‌ن.
ع