ماوەی سێ‌ كاتژمێری بڕی بۆ وەرگرتنەوەی دوو دەنگ زەیتوون لە زیندانێكی فەڵەستینی

ئیتمار بن غەفیر كە ئێستا وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلە رووداوێكی سەیر دەگێڕێتەوە كە بە شانازییەوە باسی دەكات و وەك دەستكەوتێكی نیشتمانی گەورە خۆی پێوە بادەدات وەك ئەوەی لە جیاتی دوو دەنكە زەیتوون خاكی دوو وڵاتی داگیر كردبێت و خستبێتییە سەر نەخشەی وڵاتەكەی.

بن غەفیر دەڵێت “جارێك هەواڵیان پێداوە كە لە زیندانی “كێتسیعۆت” لە كاتی پێدانی خواردن بە زیندانییەكان هەشت دەنك زەیتوون دراوە بە زیندانییەكی فەڵەستینی لە جێی ئەوەی كە شەش دانەی پێبدرێت، بۆیە دەستبەجێ‌ بڕیاریداوە سەردانی زیندانەكە بكات و لە هۆكاری پێدانی ئەو دوو دەنكە زەیتوونە زیادە بكۆڵێتەوە كە دراوە بەو زیندانییە، چونكە پێدانی خورادن بە زیندانییەكان وەك یاسایەكی جێگیرە و رۆژانە پێویستە هەر زیندانییەك تەنها شەش دەنك زەیتوونی پێبدرێت نەك زیاتر”.

وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل دەشڵێت “كاتێك بڕیاریداوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو كارە سەردانی زیندانەكە بكات زۆر دوور بووە ، بۆیە تا گەیشتووەتە ئەوێ‌ ماوەی سێ‌ كاتژمێر بەرێگاوە بووە، بڕینی هەموو ئەو كاتەش تەنها بۆئەوەی لە پێدانی دوو دەنك زەیتوونی زیادە بە زیندانێكی فەڵەستینی بكۆڵێتەوە”.

ئەم گێڕانەوەیەی وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل تەنها بۆ توڕەكردنی فەڵەستینییەكان و سوكایەتیپێكردنیان و یاریكردن بە هەستیانە، نەك دەستگرتن بە سامانی وڵاتەكەی و پارێزگاریكردن لێی، چونكە تەنها ئەو بەنزینەی كە ئۆتۆمبێلەكەی لە ماوەی سێ‌ كاتژمێر رۆشتندا بۆ لێكۆڵینەوە لە خواردنی دوو دەنكە زەیتوونە زیادەكە سەرفی كردووە، زیاترە لە نرخی دەیان هەزار دەنكە زەیتوون.

زیندانی كێتسیعۆن یان زیندانی بیابانی نەگێف كە لای فەڵەستینییەكان بە زیندانی ئەنسار 3 ناسراوە، یەكێكە لە زیندانە گەورە و ترسناكەكانی ئیسرائیل و دەكەوێتە بیابانی نەگێف كە 72 كم لە باشوری رۆژئاوای بێشێبا-وە دوورە.
لەو زیندانەدا بەشی هەرەزۆری زیندانەكان فەڵەستینییەكانن بە تایبەتیش ئەندامانی دەستگیركراوی حەماس.
بەپێی هەندێك لە راپۆرتەكانیش كە لەلایەن رێكخراوە ئیسرائیلی و جیهانییەكانی بواری مافی مرۆڤ لەسەر زیندانەكە بڵاوكراوەتەوە، رۆژانە لەو زیندانەدا زیندانییە فەڵەستینییەكان رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسی و كەمی ئاو و خۆراك دەبنەوە و بەردەوام لەلایەن بەرپرسان و پاسەوانانی زیندانەكەوە سووكایەتییان پێدەكرێت.


ئامادەكردن، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان