مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە حکومەتێکە بۆ کۆکردنەوەی باج و خەراج، رووتانەوەی هاوڵاتییان و بیریان لای کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی خەڵک نییە.
م.فاتیح سەنگاوی، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی بە مەودا میدیای راگەیاند “هەوڵێک هەیە بۆ رێککەوتن لەنێوان بەغدا و هەرێم لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا بەڵام هەندێک گرفت لەسەر گەڕاندنەوەی پارە بۆ ناوەند ماوە یان هەمووی بگەڕێندرێتەوە یان نیوە بە نیوە لەنێوان هەرێم و ناوەند”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەتی هەرێم ئەوەی لە بەغداوە بێت بۆ خۆی داوای دەکات بەتایبەت مووچە، بەڵام هەر بڕیار و بابەتێک پەیوەندی بە هاوڵاتییانەوە هەبێت وەک کەمکردنەوەی باج و گومرگ پێوە پابەند نابێت، لە کاتێکدا بەغدا بریاریداوە گومرگ لەسەر ئەو کاڵا و پێداویستیانە کەمبکرێتەوە کە پەیوندیی راستەخۆیان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە بارگرانی هاوڵاتییان زیاتر دەبێت، نرخی کاڵاو شمەک گرانتر دەبێت لە کاتێکدا مووچەکە وەک خۆیەتیی، بەشێوەیەک لەئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلار مووچەی فەرمانبەران (13٪ بۆ 15٪) کەمیکردووە”.
ب ح