مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری گرێبەستی نەوت و غاز ئاشکرایکرد وەزارەتی نەوتی عیراق پلان دادەنێت بۆ کڕینی 10 کەشتیی گەورەی نەوتھەڵگر، بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی وڵات لە گواستنەوە و ساغکردنەوەی نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکان
رێبوار محەمەد، شارەزا لە بواری گرێبەستی نەوت و غاز بە مەودا میدیای راگەیاند “تێچووی مەزندەکراوی ئەم پڕۆژەیە بە نزیکەی ٢دوو ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، کە توانای هەڵگرتنی هەر کەشتییەکیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت، خاوەندارێتی ئەم کەشتیانە، تێچووی گواستنەوە کەمدەکاتەوە و زیانە داراییەکانی پەیوەست بە داشکاندنی نرخەکان بە رێژەی 30٪ بۆ 40٪ کەمدەکاتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “جگە لە کڕینی راستەوخۆ، وەزارەتەکە لێکۆڵینەوە لەسەر پێشکەشکردنی ئۆفەری کۆمپانیا تایبەتمەندەکان دەکات بۆ دروستکردنی هاوبەشی و دابینکردنی تێچووی کڕینی کەشتییەکان لە بەرانبەر وەرگرتنی پشکێک لە قازانجەکەدا”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدا، دایە بۆ پەرەپێدانی کۆمپانیای نەوتهەڵگری عیراقی و فراوانکردنی بژاردەکانی هەناردەکردن دوای ئەنجامدانی توێژینەوەی پێویست لە سەرەتای ئەم مانگەدا”.
ب ح