ئوسامە عەلی سلێمان ناسراو بە (رامی عەبدولڕەحمان) ساڵی 1971 لە شاری بانیاسی سوریا لە دایک بووە، سێ جار لە سەردەمی حافز ئەسەد زیندانیکراوە و دواتر لە ساڵی 2000وە رووی لە بەریتانیا کردووە و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی پێدراوە، لە ساڵی 2006وە دامەزراوەی روانگەی سوریای بۆ مافەکانی مرۆڤ دامەزراندووە کە تایبەت بووە بە چاودێری پێشێلکارییەکانی سەر مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە سوریا.
دوای هەڵگیرسانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی سوریا لە ساڵی 2011، روانگەی سوریا بووە یەکێک لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کە پشتیان بە زانیارییەکانی روانگەکە دەبەست لەبارەی دۆخی سوریا، بووەە مینبەرێک بۆ دیکۆمێنتکردن و بڵاوکردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سوریا، تاوەکو ئێستاش زۆربەی میدیا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان پشت بە زانیارییەکانی دەبەستن.
روانگەی سوریا بەردەوام پێشێلکارییەکانی رژێمی بەشار ئەسەدی بۆ جیهان دەگواستەوە، ئێستاش کار لەسەر پێشێلکارییەکانی گرووپە چەتەکانی سەربە ئەردۆغان و جۆلانی دەکات و ئەمەش وایکردووە بکەوێتە بەردەم هێرش و پەلاماری زۆری ئەو گرووپانە کە تاوەکو پێش رووخانی ئەسەد ستایشیان دەکرد.
دوای پەلاماری گرووپە چەتەکانی جۆلانی بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود، رامی عەبدولڕەحمان بە بڵاوکردنەوەی دەیان دیمەنی پێشێلکاریی و تیرۆریستی چەتەکانی توڕە کرد و دەسەڵاتی جۆلانی و داهۆڵ ژەنەکانی چواردەوری جۆلانی لە دیمەشق (رامی و رێکخراوەکەیان) بە دژایەتیکردنی وڵات و دەسەڵاتی جۆلانی ناساند.
ساڵی 2014 گۆڤاری فۆرن پۆڵسی رامی عەبدولڕەحمان بە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان ناساند، هەروەها چەندین خەڵاتی تری نێودەوڵەتیی وەرگرتووە و لە ساڵی 2020 خەڵاتی (هنری نان)ی لەلایەن گۆڤاری (ستێرن)ی ئەڵمانییەوە بۆ ئازادی رۆژنامەوانی پێدراوە.
رامی عەبدولڕەحمان یەکێکە لەو سیاسیانەی کە بەردەوام بەرگری لە مافەکانی کورد دەکات و کورد وەک پێکهاتەیەکی ستەملێکراو دەناسێنێت بە جیهانی دەرەوە و پشتیوانییەکانیشی بە قسە نەبووە و تەواوی پەلامار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گرووپەکانی جۆلانی بۆ سەر کورد بە دیکۆمێنت کردووەو لەم پێناوەشدا بەردەوام دەکەوێتە بەر هێرشی تورک و عەرەبە فاشیستەکان.
رامی عەبدولڕەحمان و رێکخراوەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان بە تاکە هێز ناساندووە کە سورییەکان دەتوانن هیوای لەسەر هەڵبچنن و شەڕی تیرۆر بکات، بەردەوام هەوڵەکانی ئەردۆغان و تورکیا بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکات کە کار بۆ ئەوە دەکات لە رێگەی پەلاماری گرووپە تووندڕەوەکانەوە کوردەکان لەسەر خاک و ماڵی خۆیان ئاوارە بکات و چەتەی بیانی و عەرەبی لەسەر خاکەکەیان نیشتەجێ بکات بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان، لە دواین لێدوانیشیدا رەخنەی تووندی لە ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گرت کە کوردەکانیان بە تەنها لەبەردەم کەڵبەی تیرۆر لە سوریا جێهێشتووە.
ب ح