مەودا میدیا- ئاژانسەکان
راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی ٢٠٢٥دا، پێنج جار هەوڵی تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا دراوە و هەموو هەوڵەکان شکستیان خواردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەیش کردووە “هەریەک لە ئەسعەد شەیبانی و ئەنەس خەتاب، وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆی سوریا ئامانجی ئەو هەوڵە تیرۆریستیانە بوونە و شانە نووستووەکانی داعش بەرپرسیارن لەو کردەوەیە”.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشەیتد پرێس دەڵێت راپۆرتەکەی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە بەروار و وردەکارییەکانی ئەو هەوڵە تیرۆریستیانە نەکردووە، بەڵام ئەوە هاتووە کە دووان لەو هەوڵانە لە پارێزگاکانی حەلەب و درعا بوون.
راپۆرتەکە ئەوەی روونکردووەتەوە “ئەحمەد شەرع لە باکووری حەلەب و باشووری درعا لەلایەن گرووپی “سەرایا ئەنسار ئەلسوننە” و هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە”، ئەوەش هاتووە “ئەو رێکخراوە لەلایەن داعشەوە پشتیوانی دەکرێن.
ئەو هەوڵە تیرۆریستیانە بە بەردەوامی بەشێکن لە هەوڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ رووخاندنی حکومەتی نوێی سوریا و قۆستنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی هەیە و تائێستا پڕ نەکراونەتەوە، هەروەک ئەو هەوڵانەی داعش چڕتر کراونەتەوە دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو حکومەتی سوریا بووە ئەندامی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش کەوا پێشتر دەستی بەسەر بەشێکی زۆری خاکی سوریادا گرتبوو.
بەپێی خەمڵاندنی شارەزایانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان “3000 هەزار چاکداری داعش لەنێوان عیراق و سوریادا چالاکی دەکەن، زۆربەیشیان بەدیاریکراوی لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سوریادان”.