لە دوو هەفتەدا ئۆنسەیەك زێڕ زیاتر لە 600 دۆلار بەرزبووەتەوە
مەودا میدیا-
دوای گەیشتنە لوتكە لە سێ هەفتەی رابردوودا و دواتریش داڕمانی نرخەكەی، دواتر و جارێكیتر نرخی یەك ئۆنسە زێڕ دوو هەفتەی لەدوای یەك لە بازاڕەكانی جیهاندا زیاتر لە 600 دۆلار بەرزبووەوە.
بە تەنها لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە سەرەتای هەفتەی یەكەمەوە تا كۆتایی هەفتەی دووەم لە 4,400 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 5,043 دۆلار كە دەكاتە جیاوازی 643 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك.
پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” ناردنی دووەم كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەكانی ترەمپ بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، هۆكاری سەرەكین بۆ ئەو بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا”.
وتیشی” پێویستە مامەڵەكاران و بازرگانانی زێڕ بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و بەهیچ شێوەیەك لە لوتكەدا زێڕ نەكڕن، چونكە هەر هەواڵێكی ئەرێنی لەبارەی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە، جارێكیتر نرخی ئەو كانزایە دادەڕمێنێت”.
ئ پ