مەودا میدیا-
ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، رێژەی زەکاتی پارەو سەرفیترەو فیدیەو زێڕو زیو و خشڵی ئافرەتی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد.
یەکێتیی زانایانی ئیسلامی رایگەیاند “”لە هەر ملیۆنێک دیناری عیراقی بڕی 25 هەزار دینار زەکاتی دەکەوێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بۆ هەر 20 مسقاڵ زێڕێک، نیو مسقاڵ زێڕی دەکەوێ بۆ ئەوانەی زێڕی دانراویان هەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بۆ مانگی رەمەزانی ئەمساڵ بۆ هەر کەسێک بڕی سێ هەزار دینار وەکو سەرفیترە دیاریکراوە”.
دەقی راگەیەندراوەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان:
1- نيسابى (زەکاتی پارە) بۆ ئەم ساڵ بریتییە لە: سێ ملیۆ ن دیناری عیراقی. هەر موسڵمانێک ئەو بڕە پارەی هەبوو، ساڵیشی بەسەردا تێپەڕی، واجبە زەکاتی لە سەدا دوو و نیو(2.5 %) لێ بدات، واتە لە (یەک) ملیۆن (25) هەزار دینار، لە (یەک) دەفتەر دۆلار (250دۆلار).
2- نیسابی (زەکاتی زیو) بریتییە لە: (200) دیرهەم، کە دەکاتە (140) مسقاڵ. هەر موسڵمانێک ئەو بڕە زیوەی هەبوو، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە لە سەدا دوو و نیو (2.5 %) زەکاتی لێبدات.
3- نیسابی (زەکاتی زێڕ) بریتییە لە (20) مسقاڵ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە (نیو) مسقاڵی لێ بدرێت، ئەگەر (40) مسقاڵ بوو، (یەک) مسقاڵ واجبە.
4- نیسابی (زەکاتی خشڵ)ی حەڵاڵی ئافرەتان کە بۆ خۆیان بەکاری بهێنن و تیجارەتی پێوە نەکەن بریتییە (200) دووسەد مسقاڵ زێڕ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە لەسەدا دوو و نیوی(2.5 %) لێ بدات.
6- زەکاتی (سەرفیترە) بۆ ئەم ساڵ، ئەگەر بە (پارە) بوو، بریتییە لە (3000) سێ هەزار دیناری عیراقی.
6- (فیدیە)ی بەڕۆژوو نەبوون بۆ ئەم ساڵ (بۆ ئەوانەی عوزری شەرعییان هەیە) ئەگەر بە (پارە) بوو، بریتییە لە (3000) سێ هەزار دیناری عیراقی.
ب ح