سالار مەحمود-
بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکرد لە (باوکی وڵات)، رێمانی خستەوە رۆژئاوای وڵات. لەناو دیمەنی دوای رەوینەوەی تارمایی کۆمەڵکوژی شۆڤێنییەکان لەسەر خەڵکی رۆژئاڤا، ئاماژەی باڵکێش و دەیان پرسیاری بێ وەڵام هاتنە مێشک و بیرەوە. هەڵیاندەگرم بۆ کاتێکی گونجاوتر، بەڵام ئێستا لەسەر یەک (دیمەنە هەستی)، مناڵانی قامیشلۆ رادەمێنم و لەگەڵ ئێوە هاوبەشی پێدەکەم.
دوای تەواوبوونی کەرنەڤاڵی ماڵئاوایی لە تەرمی ئەو مێرخاسە لە گۆڕەپانی شەهیدانی ١٢ی ئازار هاتینە دەرەوە، لەبەرئەوەی جامی ئۆتۆمێبلەکە نیوە تاریک بوو، بەتەواوی کردبوومەوە. مناڵان لە سەری کۆڵان بەتاک و بەکۆ وەستابوون و لە ئاپۆڕا و جمەی خەڵکیان دەڕوانی.
جار جارە دەستی سڵاوم بەرزدەکردەوە بۆیان، لەخۆڕا نەبوو منداڵەکان تێکڕا بە ئاماژەی (پەنجەی سەرکەوتن) وەڵامی سڵاوەکەیان دەدایەوە و یەکسەر پڕ دەبووم لە بزەی لێو و رووخساری پاکیان و هیوای قوڵتر بیر و هەناومی پڕ دەکرد لە شاگەشکەی شادی. رۆحم گەرەکی بوو لە خۆشیان بێتە دەشتۆ.
منداڵەکان لە دەلاقەی ئۆتۆمبیلەکەوە ون دەبوون و دەڕۆیشتین، هۆش و هەناوم دەکەوتە قوڵایی بیرە خەمێکی کوژاوە، وێنەی نەعل و پێڵاوە لاستیکەکانیان، قژی دانەهێنراویان.
پرسیار لە دوای پرسیار، منداڵانی دەورانی مناڵی خۆم و ئەو هەموو هەوراز و نشێوەی ژیانی کورد وەک تیسکەی فلاش باکێکی تیژ هاتن و چوون.
لەناو تابلۆ گشتیەکەی قامیشلۆدا، بۆ ئێستای ئەم ئێستایە کڵاوڕۆژنەیەک دەخەمە سەر ئەو دوو وێنەیەی بەدەستی سڵاوەوە لێم چنین و لە مێشکمدا تا ژیان ماوە هەڵیدەگرم.
بەڵام ئەم پرسیارە بەجێدێڵم: ئاخۆ چ دیمەن و دنیابینییەک لەناو ئەو هەموو غەم و غوبارەدا، دنیای منداڵانی ئێمەی لە قامیشلۆ پڕکردبێ لە حەوتەوانەی پەنجەی سەرکەوتن، کە لە وەڵامی هەر سڵاوێکدا بە سادەیی خۆیان، بەڵام پڕ پەیام پەخشانیان دەکرد.
بە وتەیەکی هەڤاڵەکەی تەنیشتم ئەلبومی ئەم دوو وێنەیەم داخست کە وتی “مۆراڵ هەزارە هەڤاڵ!”.
خ.غ