مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد لە سبەینێوە کاریگەری شێی زەریای ئەتڵەسی و دەریای سوور زیاتر دەبێت، بەهۆی چالاکبوونی نزمەپاڵە پەستۆکانەوە ئاستی دابارین لە رۆژانی رابردوو زیاتر دەبێت و لە کۆتایی ئەم هەفتەیە تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو (کە دەکەوێتە سەرەتای مانگی نیسان) بەردەوام دەبێت.
ساڵار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند “لەم شەپۆلەدا، بەهۆی زیادبوونی رێژەی ملمەکان، ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە، لە زۆربەی شارەکان و ناوچە شاخاوییەکان بارانێکی چڕ دەبارێت و لە ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت، لە نێو شەپۆلەکەدا خێرایی با هەندێک کات زیاد دەکات و گۆڕانکاریی لە پلەکانی گەرمادا روودەدات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەرێمی کوردستان بەناو قۆناغێکی بارانبارینی زۆر چڕدا دەڕوات، لە هەندێک شوێنی خاکە بێبەرد و نەرمەکان، ئەگەری رۆچوونی زەوی هەیە، هەروەها زۆربەی کاتەکان ئاسمان بە هەوری چڕ داپۆشراو دەبێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەگەرێکی زۆر هەیە لە کۆتایی ئەم شەپۆلە سەرمای کاتی و لە هەندێک ناوچەی شاخاوی بەفر ببارێت، چاوەڕوان دەکرێت، رێژەی باران بارین لە 50 بۆ نزیکەی 200 ملیمەتر بە درێژایی رۆژەکان ببارێت، دەکرێت ئەم رێژەیە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت”.
ب ح