مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد ئەگەرچی گرانکردنی نرخی کارەبای حکومی هیچ چاکییەکی تێدا نییە و ستەمە لە خەڵک، بەڵام لەسەرەتای پڕۆسەی گرانکردنەکەوە کە ناونرا بە (پڕۆژەی رووناکی) و یەکێک لە چاکییەکانی پڕۆژەکە ئەوەیە کە ئیتر خەڵک پارەی موەلیدەی لە کۆڵ دەبێتەوەو هەر کات پێویست بکات موەلیدە ئیش بکات ئەوە حکومەت پارەکەی دەدات.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “دەرکەوت دەسەڵات و حکومەتەکەی تەنها گرانکردنی کارەبای لە دەست بووە، نەوەک خزمەتکردن و چاککردنی خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی ژیان بە نرخی گونجاوی حکومی”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو پارەیەی بە موەلیدە دەدرێت، وەک سەرابەیەک وایە کە حکومەت لە خەڵکی وەردەگرێت، ئاخر چۆن دەبێت لە یەک مانگدا خەڵک دوو جار پارەی موەلیدە بدات و جارێکیش پارەی کارەبای وەزارەتی کارەبا”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەم دەسەڵات و حکومەتە ماوە بەسەرچووە تەنانەت ناتوانێت لەگەڵ بچوکترین بەرنامەو بەڵێنی خۆی لەگەڵ خەڵک راستگۆ بێت، بۆیە ئەو پارەیەی موەلیدە وەریدەگرێت لە خەڵک دەبێت حکومەت بیدات نەوەک خەڵک”.
ب ح