مهودا میدیا-
ئێران خۆی بۆ زستانێک ئامادە دەکات کە فشارەکان لەسەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی چڕتر دەبێتەوە، چونکە زیانەکانی جەنگ بە دامەزراوەکانی گاز، قەیرانی درێژخایەنی دابینکردنی گاز زیاتر کردووە. هۆشداریی فەرمیی و داوای کەمکردنەوەی بەکاربردن دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ماڵ و کارگە و وێستگەکانی کارەبا.
قەیرانی غازی ئێران لە ناهاوسەنگیی ساڵانێک لە نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن، لاوازی سەرمایەگوزاریی ژێرخانی و پیربوونی هەندێک لە دامەزراوەکان سەرچاوە دەگرێت، بەڵام زیانەکانی جەنگ بارگرانییەکی نوێی بۆ ئەو کەرتە زیاد کردووە.
سەعید تەوەکولی، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران رایگەیاندووە کە لە ماوەی لوتکەی بەکاربردن لە ساڵانی رابردوودا، وڵات رووبەڕووی کورتهێنان بووەتەوە کە لە نێوان 200 بۆ 250 میلیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا بووە.
روونیکردەوە کە هێرشکردنە سەر چوار دامەزراوەی پرۆسێسکردنی غاز لە ئەنجامدا نزیکەی 230 ملیۆن مەتر سێجا توانای بەرهەمهێنان لە رۆژێکدا لەدەستداوە، پێش ئەوەی نزیکەی 100 ملیۆن مەتر سێجا بگەڕێتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی، ئەمەش کورتهێنانێکی زیادە بەجێدەهێڵێت کە نزیکەی 130 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا لە وەرزی زستاندا، لە سەرووی کورتهێنانی ئاسایی لە ماوەی لوتکەی خواستدا.
بۆچی یەدەگی غاز بەس نییە؟
کێشەکە لە بۆشایی نێوان قەبارەی سەرچاوە ژێرزەمینییەکان و توانای دەرهێنان و پرۆسێسکردن و گواستنەوەیان بۆ بەکارهێنەراندایە، زیادکردنی پێداویستییەکان پێویستیی بە وەبەرهێنان هەیە لە کێڵگەکان، بیرەکان، کارگەکانی پرۆسێسکردن و تۆڕەکانی گواستنەوە- وەبەرهێنانەکان کە بەهۆی سزاکان و کێشەکانی بەدەستهێنانی دارایی و تەکنەلۆژیاوە بەربەستیان هەیە.
سامانی نەوت چارەسەری راستەوخۆ بۆ ئەم کێشەیە نادات، بەو پێیەی ماڵەکان پشت بە غاز دەبەستن بۆ گەرمکردنەوە و وێستگەکانی کارەبا و کارگەکانیش پێویستیان پێیەتی.
گەرووی هورمز جیهان دەخاتە لێواری پاشەکشە و برسێتی.
بەرپرسانی کۆمپانیای غاز پێشتر جەختیان لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی بەکاربردن بە رێژەی لەسەدا 10 کردووەتەوە بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری تۆڕەکە، بەڵام گەیشتن بەم ئامانجە پەیوەستە بە کاریگەریی هاندانەکان و ئاسانکاریی ئەوەی کە ماڵەکان دەتوانن دەستیان پێیان بگات، ماڵ یان کارگە؟
لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر گەرمکەرەوە، دابەشکردنی غازی بەردەست دەبێتە تەحەدایەکی زیاتر بۆ دەسەڵاتداران، زۆرجار ماڵەکان لە یەکەمایەتیدان، ئەمەش ئەگەری هەیە دابینکردنەکان بۆ هەندێک کارگە و وێستگەکانی کارەبا سنووردار بکات، هەروەها پیشەسازییەکانی وزەچڕ دەخاتە مەترسی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانەوە.
لەوانەیە وێستگەکانی کارەبا ناچار بکرێن سووتەمەنی بەدیل بەکاربهێنن، ئەمەش بارگرانیی ئابووریی و ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، بەم شێوەیە کاردانەوەی کەمی غاز زۆر لە گەرمکەرەوەی ماڵەوە زیاترە.
ع