مەودا میدیا-
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد دیاریکردنی 11ی نیسان بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار رەتدەکەنەوە بەهۆی نەبوونی سازانی نیشتمانی و سیاسیی لسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و پەرۆشییان بۆ سەقامگیریی سیاسی، رەزامەند نین لەسەر خشتەی دانیشتنی 11ی نیسان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داوا لە سەرکردە سیاسییەکان دەکات دەرفەت بڕەخسێنن بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و دیالۆگی جددی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بۆ گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانیی لەبارەی کاندیدی سەرۆک کۆمار، کە جێگەی رەزامەندییەکی فراوانی نیشتمانی بێت، دوور لە سیاسەتی باری سەپێندراو”.
ئەوەشی خستەڕوو “رێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش نییە، کە گرنگترین پۆستە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پڕۆسەی سیاسی، مافی خۆیانە بزانین کێ کاندید دەکرێت و بۆچوونیان لە کاندیدکردنی کەسایەتییەکی سیاسیدا هەبێت”.
ب ح