سیروانی مەحمود پۆلیس
لەنێو ژاوەژاو و مەترسییە گەورەکانی ئەم جەنگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فاکتەرێکی کاریگەر بوونی هەیە کە هاوتەریپ لەسەر هێڵی رۆکێت و فڕۆکە و درۆنە ئاڕاستەکراوەکان رێدەکات بۆ وێرانکردنی ژێرخانی شارستانی و سەرلێشێواندنی هۆش و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵ، ئەم فاکتەرە سێبەرە بووەتە ئامرازێکی کارپێکراوی گرنگ لە ئیدارەدانی جەنگەکە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ساختەی کاتی و لە کۆتاییشدا کولتوورێکی خراپ لە درۆ و بێ بڕوایی لە نێو کۆمەڵ و سەرچاوەی زانیارییەکان جێگیر دەکات.
ئامرازی ئەم فاکتەرە، پێگەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە کە بوونەتە کەرەستەی سەرەکی داپۆشینی ئەژیندا راستییەکانی جەنگەکە و گۆڕینیان بۆ کۆمەڵێك زانیاری و شڕوڤە و نمایشی پڕوپوچی داڕێژراو بۆ مەبەستی بەلاڕێبردنی رای گشتی . لە بنەڕەتدا هەر لایەنە و خاوەنی ژمارەیەکی بێ ئەژماری ئەم پێگانەن و لەلایەن میدیاکارانی پڕۆفیشناڵەوە ئاراستە دەکرێن تا کاریگەریی بەهێزیان هەبێت لەسەر هۆشی تاکەکان و چەواشە کردنیان، درۆ و هەڵسەنگاندنی نابەرپرس دەکەنە خۆراکی ئەو پێگانە و بەوەش دەبنە بەشێکی سەرەکی لە فێکەکانی جەنگە دەرونییە ئاراستەکراوەکە و بەبێ گوێدان بە ئاسەوارە نەرێنییە رووخێنەرەکانی کە لە ئاییندەدا یەخەی خۆشیان دەگرێتەوە.
بێگومان تێگەیشتنمان هەیە بۆ جەنگی دەروونی لە کاتی شەڕدا کە هەر لایەنە و هەوادارانی کار بۆ دەستکەوتی مەعنەوی بۆ خۆی و شکستپێهێنانی بەرانبەرەکەی دەکات، بەڵام نابێت زیادەڕەوی لەو بوارەدا بکرێت کە ئیتر هیچ بوارێك نەمێنێتەوە بۆ گەیاندنی زانیاریی دروست و هەڵسەنگاندنی بابەتی رووداوەکان، خەڵکیش بگەیننە پلەی گەمژەیی و خۆشی بینین لە نمایشی درۆ و شڕوڤە پڕوپوچەکان.
ئەوەی لەمڕۆدا دەیبینین، هەڵکشانی هەواڵ و زانیاریی دروستکراو و شیکردنەوەی ئارەزومەندانە و بەکارهێنانی بەرنامە ئەلەکترۆنییە پێشکەوتووەکانە بۆ نمایشکردنی ئەو بابەتانە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش، بە جۆرێك ئیتر خەڵکە جدییەکەش سەری لێشێواوە نێوان بە درۆخستنەوەی ئەو بابەتانە و بڕوا هێنان پێی! بەمەش کاریگەرییە نەرێنییەکانی خراپ بەکارهێنانی ئەو پانتاییە بەدیار دەکەوێت و ئیتر شوێنی راستگۆیی و هەڵسەنگاندنی بابەتی ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نامێنێت، لە ئاییندەشدا ئاسەوارەکانی ئەو هەنگاوە نەرێنییانە بەدەر دەکەون و کۆی پێگە کۆمەڵایەتییەکانی پێ ناشیرین دەکەن، ئەمە لە پاڵ ئەو گیانە شەڕانگیزییەی دێتە ئاراوە لە ئەنجامی کردار و پەرچەکرداری بەدواداچوونی ئەم پێگانە تا دەگاتە ئاستی جنێو و سوکایەتیکردن بە یەکتر و هەڵاوسانی درزی نێو دیواری پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەمەش زیانێکی گەورە بە مەبەستی بەکارهێنانی ئەم دەستکەوتە هاوچەرخییە دەگات و بەهاکەشی لە لێژیدا دەبێت.
ئەگەر بۆ ئەم جەنگە یان جەنگی دیکە بەشێك لەم هەواڵ و شڕۆڤە پڕوپوچانە لە گۆشەیەکی تەسكدا سەربگرێت، ئەوا بەدڵنیایی دەستکەوتێکی کورت و فشۆڵە و هیچ کاریگەرییەکی بنەڕەتی نابێت لەسەر رێرەوە راستەقینەکەی جەنگەکە، مەگەر تەنها فریودانی خەڵکی لێ دەستەبەر بکەن و کاتی دەرکەوتنی راستییەکان ئەوا کێشی ئەم پێگانە زۆر سوك دەبن و نامێنن یان دەگۆڕێن بە رووخسارێکی دیکە، بەڵام ئاسەوارە زیانبەخشەکانی دەمێنێتەوە لە دەروونی تاکەکان و کۆمەڵگە بە گشتی.
لەم دۆخە و لە دواڕۆژدا، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ بڕوا پێکردن تەنها سەنگینیی پێگە قورسەکانە کە بە مۆڕاڵێکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن و لە ئاییندەدا بەو قورساییەوە جێ بڕوای گشتی دەبن، ئەو پێگانە شایەنی ئەوەن زانیاری و هەڵسەنگاندنە بابەتییەکانیان بەدەر لە سوودی خۆمان ئەوا بیانگوازینەوە بۆ رای گشتی و باڵپشتیشیان بین. هەر لەم سونگەیەوە دەبێت خەڵکانی بابەتی و ئەکادیمی مەترسی پێچەوانەکەی بەهەند وەربگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە بەدیهێنانی کاریگەرییە نەرێنییەکانی تێهەڵچون و گواستنەوەی فێکەکانی پێگە زەرەربەخشەکان بۆ رای گشتی، کات و وزەی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن و بەبێ مەبەست ببنە بەشێك لە بەدیهێنانی ئاسەوارە نەرێنییەکانی ئەو پێگانە و هاوبەش بن لە گەمژاندنی کۆمەڵگە بەوەی تاکەکانی بگەیەننە ئەوەی تەنها چێژ لە بابەت و شڕۆڤەی بێ بناغەی نادروست و نمایشە گاڵتەجارییەکان ببینن.
خ.غ