مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد بەنزین لە نەوتی بەرهەمهاتووی کێڵگەکانی کوردستان بەرهەمدێت، لەو پاڵاوگانەی کە بەشێکیان هەر بە پارەی دزراوی میللەت دروستکراون دەپاڵێورێت، بۆ دەبێت لیترێک بە هەزار و 175 دینار بە خەڵک بفرۆشن؟
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “پێشتر پاساو شەڕ بوو، ئەو پاساوەش نەما، ئەمە بێجگە لە دەرخەریی ئەو راستییەی کە لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە بەناوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە موڵکی خەڵک بێت، بەڵکو کۆمپانیای سامانە سرووشتییەکانە و هیچ دەزگایەکی چاودێریش نییە، ئەگەرنا چۆن دەبێت رێگە بەم ستەمە بدرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەگەر نەوت و سووتەمەنی 100% لە دەستی کۆمپانیای بازرگانی و کەرتی تایبەت بوایە، بازاڕی ئازادی راستەقینەش بوایە، دەبوو حکومەت لە رێگەی دەزگای چاودێری بازرگانییەوە رێگە نەدات بازرگانەکان بەمجۆرە ئیستیغلالی گیرفانی خەڵک بکەن، چ جای ئەوەی بەپێی یاسا نەوت و سامانی سرووشتی موڵکی خەڵکن و پێویستە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت بۆ بەرژەوەندیی خەڵک بەکاربهێنرێت”.
ب ح