مەودا میدیا-
بەهۆی بوونی ئاڵای عیراق وشەی (الله أکبر) لەسەر جۆرە خواردنەوەیەکی گازی لە بازاڕەکان، کاردانەوەی زۆری لەناو خەڵکدا لێکەوتووەتەوە و یەکێتیی زانایانیش بە فەرمی داوای لە هاوڵاتییان کرد ئەو جۆرە بیبسییە نەکڕن.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند “بەهۆی ئەوەی ناوی (الله) پیرۆزە و ئەرکە بە پیرۆزی رابگیرێت و بپارێزرێت، بەهیچ شێوازێک قابیلی سووکایەتی و بێڕێزی نییە”.
ئاماژەی بۆئەوەشکرد “دروست نییە ئەم ناوە پیرۆزە لەسەر کاڵا و شتومەکی بازرگانی بەکاربهێنرێت، بەتایبەت لە قوتووی بیبسی، چونکە دوای خواردنەوەی فڕێدەدرێت و دەکەوێتە شوێنی پیس و زبڵدان”.
ئەوەشی خستەڕوو “فڕێدانی ئەو قوتووانە بێڕێزییەکی گەورەیە بەرانبەر بە ناوی پیرۆزی خودا و لە ڕووی ئایینییەوە بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە و هەر کارێک سەر بکێشێت بۆ کارێکی حەرام، ئەوە خۆی حەرام دەبێت”.
باسی لەوەشکرد “داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن هەرچی زووە چارەسەری ئەم بابەتە بکەن و رێگە لەم جۆرە کارانە بگرن کە سووکایەتی و بێڕێزییان بەرانبەر بە پیرۆزییەکان تێدایە، بۆ ئەوەی خەڵک لە رێگەی کاڵا و خواردەمەنییەوە تووشی کاری بێڕێزی و حەرام نەبن”.
ب ح