مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی و شارستانی پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرایکرد دوای نۆ رۆژ لە پشکنین و کێوماڵکردنی چەمی زەڵم ئەمڕۆ تونرا تەرمی کچە گەشتیارە بەر رەگەز عەرەبەکە بدۆزنەوە.
عەمید عابدین عەبدولڕەحمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانی پارێزگای هەڵەبجە بە مەودا میدیای راگەیاند “تەرمی منداڵە کەوتووەتە ناو یەکێک لە تاڤگەکانی چەمی زەڵمەوە و هەموو ئاوەکە بە فشارێکی زۆر دێتەخوارەوە و ئاستەنگی بۆ تیمەکانیان دروستکردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەهۆی ئەوەی تەرمەکە ماوەی نۆ رۆژە لەناو ئاودایە و منداڵە، دەبێت بە وریاییەوە دەربهێندرێت چونکە سەری لەنێوان دوو گاشە بەرد دا گیریخواردووە و تیمەکانیان نایانەوێت تەرمەکە بشێوێت، بۆیە کاتی زیاتریان پێویستە”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەوڵدەدەن بە هاوکاریی تیمەکانی دوکان، سلێمانی و هاوڵاتییان لە زووترین کاتدا تەرمەکە دەربهێننەوە، ئەمەش یەکەمجارە رووداوێکی لەم شێوەیە لەم سنوورە تۆماربکرێت کە بۆ ماوەی نۆ رۆژ تەرمێک لەناو ئاودا بمێنێتەوە”.
ب ح