ئێران سزایەکی قورس بەسەر چالاکوانێکی کورددا دەسەپێنێت

مەودا میدیا-

هاوڵاتییەکی کوردی دانیشتووی بجنوورد و یەکێک لە بریندارە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای هەشت ساڵ زیندانی و لێدانی 80 شەڵاق و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری خاش-ی بەسەردا سەپێندرا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند “خەلیل رەسوڵی، بە تۆمەتەکانی (هاندان بۆ پشێوی، پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتیی دادگایی کراوە و ئەو سزایانەی بەسەرداسەپێندراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “خەلیل رەسوڵی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و پاشان دەستبەسەرکرا، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد (زیندانی وەکێڵ‌ئاوا) ماوەی سزاکەی بەسەردەبات”.

ئەوەشی خستەڕوو “ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەستبەسەری، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی دادوەریدا لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش بووە و لە ئێستاشدا خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاوی بۆ دابین نەکراوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان