لە پەراوێزی یادی ٣٨ ساڵەی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال
د. فەرمان حسێن دەروێش
ئەنفال لەنێوان یادەوەریی مێژوویی و بەرپرسیارێتیی میدیاییدا:
ئەنفال تەنها زنجیرەیەک لە شاڵاوی سەربازی نەبوو کە لە ساڵی ١٩٨٨دا کۆتایی پێهاتبێت، بەڵکو گەورەترین هەوڵی سیستماتیکی (دەوڵەت- نەتەوەی) عیراقی بوو بۆ سڕینەوەی بوونی فیزیکی و مەعنەویی نەتەوەی کورد، ئێستا کە ٣٨ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، دۆزی ئەنفال لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی مێژووییدایە، لێرەدا پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە چی روویدا؟ بەڵکو ئەوەیە: میدیای کوردی و ستراتیژی نەتەوەیی چۆن مامەڵە لەگەڵ دوای پرۆسەی ئەنفال و ئەم جینۆسایدەدا دەکەن؟
ئەنفال لەڕووی مێژووییەوە قۆناغێکی تاریکە، بەڵام لەڕووی میدیاییەوە دەبێت ببێتە رووناکییەک بۆ داواکردنی دادپەروەری، کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە ئێمە تائێستاش (ئەنفال)مان تەنها بۆ ناوخۆ گێڕاوەتەوە، لە کاتێکدا دۆزی جینۆساید پێویستی بە گوتارێکی گەردوونییە، هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر ئەوەی چۆن میدیا دەتوانێت لە ئامرازێکی (گواستنەوەی خەم)ەوە ببێتە (بزوێنەری دادپەروەری و پارێزەری ناسنامە).
گۆڕینی گوتار: لە زمانێکی (بریندار)ەوە بۆ زمانێکی (یاسایی):
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، گوتاری میدیایی کورد لە یادی ئەنفالدا لە بازنەی سۆز و نیشاندانی برینەکاندا ماوەتەوە، بێگومان نیشاندانی ئازاری دایکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی یادەوەریی، بەڵام بۆ گەیشتن بە ویژدانی جیهانی، پێویستمان بە گۆڕینی (پارادایمی میدیایی) هەیە.
میدیای کوردی دەبێت لە زمانی (شیوەن)ەوە کۆچ بکات بۆ زمانی (دۆکیۆمێنت و یاسا) ناساندنی جینۆساید پێویستی بە زمانێکی یاسایی هەیە کە ناوەندەکانی بڕیار لە رۆژئاوا لێی تێبگەن، کاتێک میدیا باس لە ئەنفال دەکات، نابێت تەنها بڵێین (خەڵکمان کوژرا) بەڵکو دەبێت چەمکەکانی وەک (پاکتاوی رەگەزیی) و (تاوانی جەنگ) و (جینۆساید) بەپێی رێککەوتننامەی ١٩٤٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان شی بکرێتەوە، ئەمە وادەکات ئەنفال لە (کێشەیەکی ناوخۆیی عێراق)ەوە ببێتە (تاوانێکی نێودەوڵەتی) کە لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دیپلۆماسیی دیجیتاڵی، ئەنفال لە جەنگی “تێکشکاندنی بێدەنگی”دا:
لە سەردەمی شۆڕشی زانیاریدا ناساندنی ئەنفال پێویستی بە ستراتیژی دیجیتاڵی هەیە، جیهانی ئەمڕۆ چاوەڕێی گوتاری درێژی سیاسی ناکات، جیهان سەیری وێنە، ڤیدیۆی کورت و ئینفۆگرافیک دەکات.
ئەرشیفکردنی دیجیتاڵی:
میدیا دەبێت کار لەسەر دروستکردنی پلاتفۆرمی چەند زمانی بکات کە تێیدا هەموو گەواهی و شایتحاڵەکان بەشێوەی ڤیدیۆیی پارێزراو بن، ئەمە رێگری دەکات لە هەوڵەکانی (نکوڵیکردن) کە لە داهاتوودا رەنگە لەلایەن نەوە نوێیەکانی نەیارانمانەوە ئەنجام بدرێت.
بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا: هاشتاگی جیهانی و بەشداریپێکردنی کاراکتەرە جیهانی و بیانییەکان لە یادی ئەنفالدا، دەتوانێت ئەم دۆسێیەی لە ئاستی هەرێمایەتییەوە بەرەو ئاستی جیهانی بەرێت، میدیا دەبێت ببێتە سەکۆیەک بۆ ئەوەی چیرۆکە تاکەکەسییەکانی قوربانییەکان وەک چیرۆکی مرۆیی بگەنە رۆژنامە گەورەکانی وەک (New York Times) و (The Guardian) و رۆژنامە جیهانییەکانی تر.
مەترسیی (پچڕانی یادەوەری): نەوەی نوێ و بەرپرسیارێتیی میدیای کوردی
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر دۆزی ئەنفال، (پچڕانی یادەوەرییە) لەنێوان نەوەی شاخ و نەوەی شاشە، نەوەی نوێی کورد کە لە سایەی ئازادیدا گەورە بووە، زانیارییەکی قووڵی لەسەر رەهەندە مەترسیدارەکانی ئەنفال نییە، ئەگەر چیرۆکەکە تەنها بە زمانی رابردوو بگێڕدرێتەوە، گەنجی ئەمڕۆ ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکات، لێرەدایە میدیا ئەرکی گەورەتری دەکەوێتە ئەستۆ، ئەرکێکی پەروەردەیی و نیشتمانی لەسەر شانە، دەبێت ئەنفال نەک وەک مێژوویەکی رەش و بێ ئومێد، بەڵکو وەک وانەیەکی (خۆڕاگری، مانەوە و ناسنامە) نیشانی نەوەی نوێ بدات، دەبێت بەرهەمی میدیایی وا دروست بکرێت (وەک یاری ئەلیکترۆنی، ئەنیمەیشن و پۆدکاست و هتر…) کە گەنجان تێبگەن ئەگەر ئەنفال و ناسنامەی نەتەوەیی نەپارێزرێت مافە دەستووری و سیاسییەکانی کورد لە داهاتووی عیراقدا هەمیشە لەژێر هەڕەشەدا دەبن.
لە شیوەنی ساڵانەوە بۆ (فشاری سیاسی) لەسەر ناوەندەکانی بڕیار:
دوای ٣٨ ساڵ، هێشتا قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە، لێرەدا میدیا دەبێت رۆڵی لە تەنها (رووماڵکەری بۆنەکان)ەوە بگۆڕێت بۆ (چاودێر) و فشارێکی یاسایی دروست بکات.
ورووژاندنی بەردەوامی پرسی قەرەبووکردنەوە:
میدیا نابێت رێگە بدات ئەم دۆسیەیە سارد ببێتەوە، دەبێت رۆژانە پرسیار لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بکرێت کە چییان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان.
پەردە لادان لەسەر ژیانی قوربانییان: نیشاندانی دۆخی نالەباری گوندە ئەنفالکراوەکان و کەسوکاری قوربانییان کە تائێستاش لەژێر باری هەژاریدا دەناڵێنن، دەبێتە فشارێکی ئەخلاقی و سیاسی بۆ سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو دۆسێی ئەنفال نەکەنە قوربانیی رێککەوتنە سیاسییە کاتییەکان.
ستراتیژی بە نێودەوڵەتیکردن: ئەنفال وەک ویژدانی مرۆیی
جینۆسایدی ئەنفال لەڕووی دڕندەیی و قەبارەوە هیچی کەمتر نییە لە هۆلۆکۆست یان جینۆسایدی رواندا و بۆسنە، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە بۆچی ئەوان لە ئاستی جیهانیدا زیاتر ناسراون؟
وەڵامەکە لە (ستراتیژی میدیایی، ئەکادیمی و سینەمایی)دایە، میدیای کوردی دەبێت هانی بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتاری و درامی بدات کە بە زمانێکی جیهانی (ئینگلیزی) بەرهەم بهێنرێن، پێویستە لە یادی ٣٨ ساڵەدا، پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەنووسە ناودارەکانی جیهان دروست بکرێت و بانگهێشتی شوێنی تاوانەکان بکرێن، ئەنفال دەبێت لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپادا وەک دۆسێیەکی (جینۆسایدی بەردەوام) باس بکرێت، چونکە شوێنەوارە دەروونی و تەندروستی و ژینگەییەکانی تائێستاش لەناو خەڵکی کوردستاندا بەردەوامن.
ئەرکی میدیا لە تێکشکاندنی (گوتاری نکوڵی):
ئێستا لە ناوخۆی عیراق و ناوچەکەدا، گوتارێکی مەترسیداری ناسیۆنالیستی خەریکە سەر هەڵدەدات کە هەوڵی (بچووککردنەوە) یان پاساوهێنانەوە بۆ ئەنفال دەدات، هەندێک لایەن دەیانەوێت ئەنفال وەک (کردەوەیەکی سەربازیی ئاسایی لە کاتی جەنگدا) نیشان بدەن، لێرەدا میدیا دەبێت بە بەڵگەی دامەزراوەیی، دۆکیۆمێنتاری و وێنەیی، ئەم گوتارە پوچەڵ بکاتەوە، نیشاندانی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی پێشوو کە تێیدا فەرمانی (کوشتنی هەر شتێکی زیندوو لە ناوچە قەدەغەکراوەکان) دراوە، گەورەترین وەڵامی میدیاییە بۆ ئەو نکوڵیکردنە، دەبێت میدیا رێگە نەدات بکوژەکان وەک پاڵەوان لە هیچ پلاتفۆرمێکدا دەربکەون.
ئەنجام:
لە پەراوێزی یادی ٣٨ ساڵەی قۆناغی یەکەمی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال، پێویستە میدیاکاران و ناوەندەکانی بڕیار لە هەرێمی کوردستان بگەینە ئەم بڕوایەی کە ئەنفال تەنها مێژوو نییە، بەڵکو (ئێستا) و (داهاتوو)ی ئێمەیە و بەستراتیژی کاری جددی سەردەمییانە ئەم کەیسە بکەن بە جیهانی.
راسپاردە:
١ـ زمان بگۆڕین، لە زمانی سۆز و شیوەنەوە بۆ زمانی یاسا، بەڵگە و دیپلۆماسی.
٢ـ تەکنەلۆژیا بەکاربهێنین، بونیادنانی مۆزەخانە و ئەرشیفێکی دیجیتاڵیی نیشتمانی کە بە هەموو زمانەکان دەستڕەسی هەبێت.
٣ـ نەوەی نوێ پڕچەک بکەین بە زانستی سەردەم و زانیاری، یادەوەریی ئەنفال بکەینە بەشێک لە هۆشیاریی سیاسی و پەروەردەیی گەنجان وەک پارێزەری مانەوەمان.
٤ـ بەغدا ناچار بکەین دۆسێی قەرەبووکردنەوە وەک ئەولەویەتێکی نیشتمانیی بێ مەرج لە میدیادا بمێنێتەوە.
ئەگەر نەتوانین ئەم ناسنامەیە بەڕاستی و بە پڕۆفیشناڵی بە جیهان بناسێنین، ئەوا جارێکی تر مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ناساندنی ئەنفال گەورەترین وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان و گەورەترین گەرەنتییە بۆ داهاتوویەکی ئارام و بێ جینۆساید.
کەواتە دەبێت کورد بگاتە ئەو خاڵەی کە ئێستا ناساندنی نێودەوڵەتیی ئەنفال تەنها ئەرکی (دیپلۆماسی نییە) بەڵکو پێش هەموو شتێک ئەرکی (دیپلۆماسیی میدیایی) و سینەمای کوردییە، لێرەوە دەتوانین رێگری بکەین لەوەی نەوەی نوێ (نەوەی دیجیتاڵ) دووچاری پچڕانی یادەوەری نەبێت بەرانبەر بە جینۆسایدی ئەنفال. میدیای کوردی دەبێت چیرۆکی ئەنفال لە (گریانێکی ناوخۆیی)ەوە بگۆڕێت بۆ (داواکارییەکی یاسایی جیهانی) و لە چوارچێوەی یادەوەرییەکی ساڵانەدا نەخولێتەوە، بەڵکو بیکات بە کەیسێکی کوردی ـ جیهانی.
خ.غ