تائێستا 154 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عیراق ئاشکرایکرد تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و پرۆسەکەش لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە رایگەیاند “کۆی گشتیی گەنمی وەرگیراو لە سەرتاسەری عیراق گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیۆن و 100 هەزار تۆن، پێشبینیش دەکرێت بۆ پێنج ملیۆن تۆن بەرزببێتەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تاوەکو ئێستا 154 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و هێشتا نزیکەی 250 هەزار تۆنی ترماوە وەربگیرێت، پرۆسەکەش بەردەوامە و سایلۆکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک و نەینەوا بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران کراوەن”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عیراق بڕیاریداوە تەنها 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەبگرێتەوە، بەمشێوەیە 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی و 108 هەزار تۆنەکەی تریش بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی وەربگرێتەوە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان