بەرلە 39 ساڵ و لە کۆتاییەکانی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عیراق -ئێران لە رۆژی 1987/6/28، ھێزی ئاسمانیی رژێمی بەعسی فاشیست بە چەکی قەدەغەکراوی کیمایی ھێرشیکردە سەر ھاوڵاتییانی شاری سەردەشتی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامدا (130) ھاوڵاتیی مەدەنی شەھید بوون و زیاتر لە (هەشت هەزار ) ھاوڵاتیی تر برینداربوون.
ژمارەی قوربانیانی هێرشە تاوانکارییەکەی بەعسی عەرەبیی لە سەردەشت:
لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هێرشەکە 30 کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان منداڵ و بەساڵاچووان بوون، بەپێی ئاماری فەرمی حکومەتی ئێران دانیشتووانی سەردەشت لەوکاتەدا (12 هەزار) کەس بوون، (هەشت هەزار) کەس پشکنینیان بۆ کراوە و (چوار هەزار) بۆ (چوار هەزار و 500) کەسیش پێویستیان بە چاودێری بووە، (هەزار و 500) کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە (600) کەسیان لە تاران چارەسەریان بۆ کراوەو (سێ هەزار) کەسی تریش وەک نەخۆشی خێرا چارەسەر کراون و دواتر هەندێک لە خەڵکەکە لە گوندەکانی دەوروبەر ماونەتەوە و چارەسەری سرووشتییان وەرگرتووە، سەرئەنجام (130) کەس شەهید بوون و زیاتر لە (هەشت هەزار) کەس بریندار و خەڵکی شارەکەش ئاوارەبوون، جگە لەگەڵ ونبوونی دەیان منداڵ و ژەهراویی بوونی ژینگەی شارەکە بۆ چەند ساڵێک.
کاردانەوە:
دوای هێرشەکە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشەکەی بە نامرۆڤانە و یەکەمین شاری قوربانی چەکە کیمیاییەکان ناساند لە دوای هێرۆشیمای ژاپۆن، ئەوکات بەهۆی جەنگ و پشتیوانی کۆمەڵێک وڵات لە دیکتاتۆر (سەدام حسێن) هێرشەکە لەڕووی دادگایی جیهانییەوە کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هیچ کاردانەوەکیان بەرانبەر سەدام نەبوو و بێدەنگیان هەڵبژارد، تاوەکو دواتر تاوانبار سەدام حسێن و رژێمە لەناوچووەکەی لە ھەڵەبجەش هەمان کارەسات و جینۆسایدی کوردیان دووبارە کردەوە و دیسان بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێدەنگ بوون.
رێکخراوی OPCW (کە بنکەکەی لە لاهایە)، لە دوای ساڵانی 2000وە، شاری سەردەشتی وەک (قوربانیی یەکەمی هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێبوون) لە مێژووی دوای جەنگی جیهانی دووەم ناساندووە، نوێنەرانی ئەم رێکخراوە چەندینجار سەردانی شاری سەردەشت-یان کردووە و لە کۆنفرانسە ساڵانەکانیاندا، کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت (SCVAP) وەک ئەندامێکی چاودێر و راوێژکار بەشدار دەبێت.
لە روانگەی OPCWـەوە، سەردەشت نموونەیەکی زیندوو و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ پێویستیی جێبەجێکردنی (رێککەوتننامەی چەکە کیمیاییەکان)(CWC). لە ناوەندی بەڵگەنامەکانیاندا، سەردەشت وەک هێمای “شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاراستنی مەدەنییەکان” وەسف دەکرێت.
شوێنەواری چەکی کیمیایی:
کیمیابارانی سەردەشت و هەڵەبجە لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان تاوانێکی جەنگ و کۆمەڵکوژیی بوو کە لە هەردوو تاوانەکاندا (پێنج هەزار و 130) کەسی بێتاوان گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە (20 هەزار( کەسی تر برینداربوون کە تاوەکو ئێستاش ئەوانەی لە ژیاندا ماون بەدەست ئاسەواریی کییاییەکەوە دەناڵینن و هەزاران منداڵ بێ دایک و باوک مانەوە و ونبوون، 39 ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا تێپەڕیوە بەڵام تائێستا ئاسەوار و ئەنجامەکانی ئەو هێرشە کۆتایی نەهاتووە و هەندێک لە قوربانیەکانیش بێ هیچ هاوکاریی و چارەسەرییەک ماونەتەوە، گازی خەردەل، یەکێکە لەو گازە ژەهراویانەی کە لە ژینگە و لەشی مرۆڤدا دەمێنێتەوە دوای چوونە جەستەی قوربانیەکەوە، ئەو منداڵەی کە بەو ژەهراویبوونەوە لەدایکبووە پاش 39 ساڵ بە ناتەندروستی دەژی، هەروەها دانیشتووانی شاری سەردەشت بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بەخشینی خوێن لێیان وەرناگیرێت.
کیمیابارانی سەردەشت ترسناکترین هێرشی کیمیایی بوو کە چەندین کاریگەریی نەرێنی و کێشەی لێکەوتەوە، سەردەشت یەکەمین شاری قوربانی چەکی کیمیایی جیهانە لە دوای بۆردومانی ناوەکی هیرۆشیما، کە بە چەند مانگ دوای ئەویش هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی لە باشووری کوردستان ژەهراوی کرا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیچ رێکارێکی پێویستی نەگرتووەتەبەر و بێدەنگی لەو کارەساتانە هەڵبژارد.
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (HRW): لە راپۆرتەکانیدا سەبارەت بە جەنگی ئێران و عیراق (بەتایبەت لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی ئەنفال)، هێرشی سەردەشتی وەک (تاوانێکی پێشوەختە) (Precedent) ناساندووە، لێکۆڵەرانی HRW ئاماژە بەوە دەکەن کە بێدەنگیی ئەمەریکا و ئەوروپا لە ئاست سەردەشتدا، تاقیگەیەک بوو بۆ بەعس تا دڵنیا بێتەوە لەوەی بەکارهێنانی غازی ژەهراوی دژ بە کوردەکان، سزای سیاسیی تەوندی بەدوادا نایەت.
پزیشکانی بێ سنوور (MSF) و رێکخراوە تەندروستییەکان لەسەر هەمان تاوان رایانگەیاندووە “کۆمەڵکوژی شاری سەردەشت لە رووی پزیشکیی نێودەوڵەتییەوە، وەک (سەرچاوەیەکی زانستیی دەگمەن) بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی گازی خەردەل (Mustard Gas) لەسەر مرۆڤ وێنا دەکرێت.
مێژوونووس (یوست هێڵتەرمان لە کتێبی A Poisonous Affair) هێرشی سەردەشت وەک بەڵگەیەکی ئاشکرا دەهێننەوە بۆ ئەوەی چۆن (ریالپۆلیتیک) (سیاسەتی بەرژەوەندیی هێز) دەتوانێت یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پەکبخات، لەم ناوەندانەدا، سەردەشت تەنها وەک رووداوێکی سەربازیی نێوان دوو دەوڵەت نابینرێت، بەڵکو وەک هێرشێکی رەگەزپەرستانە دژ بە ناسنامەی گەلی کورد وێنا دەکرێت، چونکە نەک تەنها هێزە سەربازییەکان، بەڵکو ناوەندی شارەکە و خەڵکی مەدەنی کرانە ئامانج.
چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە یاسای نێودەوڵەتییدا:
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە جەنگدا نابێت هێرش بکرێتە سەر خەڵکی مەدەنیی و بێ چەک و منداڵ، بەڵام لە ماوەی جەنگدا رژێمی بەعسی لەناوچوو بە سەرۆکایەتیی تاوانبار (سەدام حسێن) چەند جارێک چەکی قەدەغەکراوی کیمایی دژبە کورد بەکارهێنا، کە یەکێک لەوانە تاوانی سەردەشت، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دواتریش تاوانی گەورەی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە بوو لە باشووری کوردستان.
ئەنجام:
کیمیابارانی سەردەشت و هەڵەبجە تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بوو کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی چارەسەرنەکراوە، دادگا و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە دادپەروەریی بۆ کەسوکاری قوربانیان بگەڕێننەوە، ئەم تاوانانە وەک تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقی تووند بۆ ویژدانی جیهانیی لە رووبەڕووبوونەوەی دڕندەییەکانی دەوڵەتی عیراق لەسەردەمی رژێمی بەعس لە شەڕی کیمیاییدا دەمێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن داگیرکەران و دوژمنانەوە دژبە گەلی کورد بەردەوامە و لە ساڵانی 2018 و 2019دا ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک چەکی فسفۆڕی قەدەغەکراوی دژبە کوردانی رۆژئاوا لە عەفرین و سەرێکانی بەکارهێنا و دەیان قوربانی لێکەوتەوە و هەروەها لە سالێ 2021دا سوپای تورک لە چیاکانی باکووری کوردستان و گارە لە باشووری کوردستان گازی کیمیاییان دژبە گەریلاکانی پەکەکە بەکارهێنا و دیسان کۆمەڵگەی نێودەولەتیی بێدەنگ بوو.
ب ح






