خۆی ئامادە نییە و سەردەمی فەرمانڕەوایی موجتەبا خامنەیی دەستیپێکرد

مەودا میدیا- نەسیم کاکە

دووەم رۆژی مەراسیمی پرسە و ناشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوەی موجتەبا خامنەیی، رابەری ئێستا ئامادەبووبێت، لەگەڵ ئەوەی سێ کوڕی عەلی خامنەیی بە ناوەکانی (مستەفا، مەیسەم و مەسعود) و زۆرینەی فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، غولام حسێن موحسنی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و گەورە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، جگە لە موجتەبا خامنەیی، ئامادەی مەراسیمەکە بوون، لەکاتێکدا چاوەکان و چاوەڕووانییەکان لەسەر ئەوەبوون موجتەبا خامنەیی ئەو مەراسیمە بکاتە دەرفەتی یەکەم دەرکەوتنی دوای ئەوەی بە رەسمی بووە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.

موجتەبا خامنەیی بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سەردەمی فەرمانڕەواییەکەی دەستیپێکردووە، ئەو لە رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، یەکەم رۆژی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە تیایدا عەلی خامنەیی کوژرا، دەنگۆی خراپیی بارودۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی بڵاوبووەتەوە، ئەگەرچی دوای هەشت رۆژ لە کوژرانی باوکی، وەکوو رابەری نوێ هەڵبژێردرا، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا هیچ دەرکەوتنێکی نەبوو؛ نە وێنە، نە پەیامی ڤیدیۆیی و نە وتارێکی راستەوخۆی پێشکەش نەکردووە.

دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە؛ ئایا رووخساری هێندە بریندار بووە نەیەوێت وێنەی بگیرێت و دەربکەوێ، یان دەرنەکەوتنی بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوەیە، ئایا چۆن دەبێت گەورەترین پیاوی دەسەڵاتداری ئێران سەردەمی فەرمانڕەواییەکەی دەستیپێکردبێت بەبێ ئامادەبوون و دەرکەوتنی خۆی؟

مانگی ئازاری رابردوو، بەرپرسێکی ئێرانی بە رۆیتەرزی وتبوو، موجتەبا خامنەیی بە سووکی بریندار بووە و سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانێتی، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا گومانیان لەو زانیارییە هەیە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وتی، هێشتا روون نییە ئایا موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا ماوە یان نا؟

رۆژنامەی تایمز لە مانگی نیسانی رابردوو ئەوەی راگەیاند، موجتەبا خامنەیی لە شاری قوم چارەسەر وەردەگرێ، بارودۆخی تەندروستیی مەترسیدارە و توانای فەرمانڕەواییکردنی نییە، دواتریش رۆیتەرز لە سەرچاوەیەکی نزیکی موجتەباوە ئەوەی خستەڕوو، رووخساری موجتەبا خامنەیی شێواوە، بەڵام توانای کارکردن و بیرکردنەوەی ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە.

ئێران کەوتە رەتکردنەوەی ئەو هەڵمەتەی دژی موجتەبا خامنەیی بەڕێوە دەبرا، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رایگەیاند “رابەری باڵا برینداربوونەکەی سووکە و تەنها قاچ و کەمێک لە پشتی و پشت گوێچکەکانی بریندار بووە”، دواتریش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند “برینەکانی رابەری باڵا رووکەشن و نەبوونەتە هۆی لە کارکەوتنی بەشەکانی جەستەی و کەمئەندامبوونی هەمیشەیی”.

رۆژی ٩ی حوزەیران، ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران بۆ یەکەمین جار رایگەیاند “قاچەکانی موجتەبا خامنەیی بە قورسی برینداربووە بەشێوەیەک پزیشکەکان باس لە ئەگەری لەدەستدانی دەکەن”.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، ململانێ سیاسییەکان لەنێوان باڵی میانڕەو و تووندڕەوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامن لەبارەی گۆڕانکاریی ناوخۆیی و رێککەوتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە و پێویستیی بە دەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی هەیە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان