مەودا میدیا-
وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەڵامی هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە و ئاشکرایکرد لە هەرێمی کوردستان هیچ لایەنێک زۆرینە نییە.
هیمداد شاهین، وتەبێژی نەوەی نوێ رایگەیاند “هیچ لایەنێک زۆرینە نییە و ناتوانێت بە 39 کورسییەوە پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەموو پۆستە باڵاکانی لابێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “یەکێتی و نەوەی نوێ خاوەنی 42 کورسیین، پارتیش 39 کورسی هەیە، چونکە چەند کورسییەکیان لە پارتیزیاترە، بە مافی خۆیانی دەزانن نیوە یان زیاتری حکومەتیان لابێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندبوو “ئەگەر هەر لایەنێکی تر بەپێی هەر رێککەوتنێک یان رێکارێکی تر خۆی بە خاوەن زۆرینە یان هاوشانی کورسییەکانی پارتی دەزانێت، با بێتە ناو پەرلەمانێکی کاراوە و لەوێدا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەکان بدەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو “پارتی وەک هێزی یەکەمی براوە سەرجەم هەوڵەکانی خۆی لە رێگەی کۆبوونەوەی دووقۆڵی و فرەقۆڵی، پەیام، راگەیەندراو و پێکهێنانی لیژنەی گفتوگۆوە خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێککەوتن بکرێت و پەرلەمان کارا بێتەوە”.
ب ح