مەودا میدیا-
سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینانی کوردستان ئاشکرایکرد بڕیاربوو سەدان یەکەی نێشتەجێبوون لە هەردوو زۆنی زڕگوێز و کەڵەوانان دروستبکرێت و ناوی ئەو کەسانە رابگەیەنن کە شایستەن بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە و ناتوانن ناوەکانیش بڵاوبکەنەوە.
بەرهەم سەردار،سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “ماوەی سێ ساڵە فۆڕم بەشێوەی ئۆنڵاین بەسەر کرێنشینادا دابەشکراوە و زیاتر لە 27 هەزار کەس لە سلێمانی فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە بەڵام لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە پشتگوێخراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “نەمانی هەلی کار لە بازاڕ و دواکەوتنی مووچە و قەیرانی دارایی، کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هاوڵاتییانی زیاتر کردووە چەندین کێشەی لەنێوان کرێنشین و خاوەن خانوو دروستکردووە و 90٪ی کرێچییەکان دوومانگ زیاتر کرێی خانوو قەرزدارن و نەیانتوانیوە بیدەنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەهۆکاری بوونی عەرەبێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و دەرنەهێنانی ئەستۆپاکی خانوو بۆ بەکرێدانی خانووەکە، خاوەن خانوو کرێی لەسەر کرێنیشینەکان دووقات بەرزکردووەتەوە”.
ب ح