ئامارێكی نوێی ئێزیدییانی رزگاربووی دەستی داعش بڵاوكرایەوە

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ شەممە، حسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی ئامارێكی نوێی ئاشكرا كرد سەبارەت بە قوربانییانی رفێنراو لەسەر دەستی باندە تیرۆریستییەكانی داعش لە كاتی هێرشكردنەسەر قەزای شنگال و دەوروبەری لە ساڵی 2014دا.

قائیدی رایگەیاندووە “ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنران لە كاتی هێرشەكەیان بۆ سەر شنگال و دەوروبەری گەیشتە 6,417 كەس، بەڵام تا ئێستا 3,595 كەسیان رزگار كراون و چارەنووسی 2,822 رفێنراویش هێشتا نادیارە”.

وتیشی “زیاتر لە نیوەی ئەوانەی كە چارەنووسیان هێشتا نادیارە ئافرەت و كچانن، جگە لە بوونی ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان لە ناو ئەو رفێنراوانەی كە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە”.

سەبارەت بە شوێنی مانەوەی بێسەروشوێنەكان، قائیدی ئاماژەی بەوە دا “زۆرینەی ئەوانەی لە ماوەی رابردوودا رزگار كراون لە سووریا بوون، گومانی ئەوەشی كرد كە ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی چارەنووسیان هێشتا نادیارە لە ناو خاكی سووریادا بن بە تایبەت لە كەمپی هۆڵ، لەگەڵ ژمارەیەكی تر لە ناو عیراقدا لە لای خێزانی باندە تیرۆریستییەكانی داعش”.

جەختی لەوەش كردەوە “كردارەكانی گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامن و نووسینگەكەیان مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ئەو زانیارییانە دەكات كە لە ناوچە جیاوازەكانەوە پێی دەگەن، و تیمەكانی ئاراستە دەكات بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە پێویستەكان لەسەریان”.

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە تیرۆریستانی داعش لە حوزەیرانی 2014ـدا دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرت پێش ئەوەی لە ئابی هەمان ساڵدا هێرش بكەنە سەر قەزای شنگال و دەوروبەری، و لەو ماوەیەشدا تاوانی كۆمەڵكوژییان بەرامبەر پێكهاتەی ئێزدی ئەنجامدا و هەزاران ژن و كچیان رفاند”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان