پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند “زیادبوونی ئەگەرەكانی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و هەڕەشەكانی داخستنی گەرووی هورمز بە یەكجاری، هۆكاری سەرەكین بۆ داڕمانی نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا”.
مەودا میدایا-
دوای بەرزبوونەوەیەكی كاتی لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا، جارێكی تر نرخی زێڕ داڕما و پێش داخستنی بازاڕەكان نرخی یەك ئۆنسە لەو كانزایە دابەزی بۆ 3,881 دۆلار.
وتیشی “بە هۆی ترس لە داخستنی یەكجاری گەرووی هورمز نرخی نەوت و وزە لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرز بووەتەوە و بەو هۆیەشەوە وەبەرهێنەران زیاتر روو لە كڕینی نەوت دەكەن و ئەوەش وایكردووە نرخی زێڕ بەو شێوەیە دابەزێت، چونكە ئێستا خواست لەسەر كڕینی كەم بووەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “ئەگەر هەڕەشەكانی ئەمەریكا ببێتە راستی و گەرووی هورمز بە یەكجاری دابخرێت، ئەوا نرخی زێڕ لەو ئاستەی ئێستادا ناوەستێت و زۆر لەوەش زیاتر دادەبەزێت”.
ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو لە سەرەتای كردنەوەی بازاڕەكاندا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 4,150 دۆلار، بەڵام دواتر دەستی بە داڕمان كرد و دابەزی بۆ 3,850 دۆلار، بەڵام لە كۆتایی هەفتەدا و پێش داخستنی بازاڕەكان جارێكی تر كەمێك بەرزبووەوە و گەیشتە 3,881 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك.
ئ پ